هەولێر؛ رێگەنادرێت لەدەرەوەی كوشتارگەكان ئاژەڵ سەرببڕدرێت

ناوخۆ
  • 3-07-2022, 21:37
  • +A -A

    هەولێر - INA
    پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە، رایگەیاند: رێگە نادرێت قوربانی لەبەردەم دوكان و شەقامەماكان و لەگەڕەك و كۆلانەكان ئەنجامبدرێت و ئاژەڵ لەدەرەوەی كوشتارگەكان سەرببڕدرێت، و هەروەها ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا دەكرێت. 
    پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەلێت: بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا.
    ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لەكۆبوونەوەكەدا، وەك ئامادەكاریی بۆ جەژنی قوربان، لیژنەی قائیمقامیەتەكان ڕاسپیردران لە نزیكەوە چاودێری بازاڕ بكەن و تیمەكانیشیان زیادبكەن بۆ چاودێریكردنی نرخ و كوالێتی كەلوپەل و پێداویستییەكانی هاوڵاتییان.
    رونیشكردەوە: سەبارەت بە مەترسسیەكانی (تای خوێن بەربوون) كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە گفتوگۆ كرا، لەپێناو كۆنترۆڵكردنی ئەم نەخۆشیە و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆبوونەوە بڕیاریدا، بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت قوربانی لەبەردەم دوكان، شەقامەماكان، لەگەڕەك و كۆلانەكان ئەنجامبدرێت و ئاژەڵ لەدەرەوەی كوشتارگەكان بەبێ پشكنینی ڤێتەرنەری سەرببڕدرێت، سەبارەت بەم بریارەش قائیمقام، بەڕێوەبەری ناحییە، شارەوانی، لیژنەكانی تەندروستی و بازاڕە ڕاسپردران رێگری لەو كارە بكەن، هەركەس و لایەنێك سەرپێچی بكات رێكاری یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.
    هەروەك سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ لە ڕۆژانی جەژن و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتییان، كۆبوونەوە تەئكیدی لە گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی پێویست لە یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و هێزە ئەمنییەكان و تیمە تەندروستییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان كردەوە، داواشی لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر كرد، وەك هەمیشە هاوكار و هەماهەنگی سەرجەم هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆبن.
    هەروەك لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، كە پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەدا بۆ رۆژانی جەژن هەموو ئامادەكاریەك و ئاسانكارییەك بكرێت بۆ هاتنی گەشتیاران، لەوبارەیەشەوە بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشت و گوزاری هەولێری ڕاسپارد ئامادەكاری تەواوبكات بۆ چۆنیەتی پێشوازیكردن لەگەشتیاران و كردنەوەی چێشتخانە و نانەواخانە و سەمونخانە و شوێنەكانی تر لەرۆژانی جەژندا.