پۆلیسی هەولێر ئاماری رووداوەكانی 6 مانگی رابردوو رادەگەیەنێت

ئەمنی
  • 3-07-2022, 20:58
  • +A -A

    هەولێر - INA
    هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 3 هەزار و 375 تاوانی جۆراوجۆر تۆمار كراون و نزیكەی 5 هەزار تۆمەتباریش دەستگیركراون.
    وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ئاماری چالاكییەكانی پۆلیس و راپەڕاندنی ئەركەكانی پۆلیسی هەولێری خستەڕوو، بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 3 هەزار و 375 تاوانی جۆراوجۆر تۆمار كراون و نزیكەی 5 هەزار تۆمەتباریش دەستگیركراون.
    ئاشكاریكرد: لە كۆی 3 هەزار و 375 تاوانی جیاجیا، كە تۆمار كراون، 2 هەزار و 961 تاوان ئاشكرا كراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا، هەروەها رێژەی دەستكەوت %88 و %12ی لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە.
    وتیشی: 4 هەزار و 777 تۆمەتباریان لە هەموو تاوانە جیاجیاكان لە كوشتن، دزی، ساختەكاری، ماددەی هۆشبەر و تاوانی دیكە دەستگیر كراون.
    سەبارەت بە رووداوی كوشتن، وتەبێژی پۆلیستی هەولێر رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر 22 تاوان تۆمار كراون و 18یان ئاشكرا كراوە، كە رێژەی سەركەوتن %82 بووە و 41 تۆمەتبار دەستگیركراون، بە تاوانی كوشتن.
    لەسەر رووداوی تەقەكردنیش وتی: 24 حاڵەت تۆمار كراون و هەموویان ئاشكرا كراون و رێژەی %100ی تەقەكەران دەستبەسەركراون.
    ئاشكارشیكرد: چوار حاڵەتی رێگریكردن تۆمار كراون و 3یان ئاشكرا كراون و 3 تۆمەتبار دەستگیركراون.
    سەبارەت بە دزینی ئۆتۆمبێلیش رایگەیاند: 43 حاڵەت تۆمار كراون. 36 تاوانیان ئاشكرا كراون. 36 ئۆتۆمبێلەكە رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە.
    وتیشی: 298 سواڵكەر دەستبەسەر كراون.
    سەبارەت بە چالاكیەكانی تریش وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رونیكردەوە: 500 كارتۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوو، دەستی بەسەردا گیراوەو 379 شوێنی زێدەڕۆ تێكدراون، هەروەها 25 ئۆتۆمبێل دەستی بەسەردا گیراوە، كە خەڵكیان هەراسانكردبوو.