شاناز بووە شانازی وەرزشی خانمانی كوردستان

وەرزش
  • 11-05-2022, 12:01
  • +A -A

    -   هەولێرINA   زیاد سەعدی-
    ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 12-5-2022 لەیاریگا كۆیە ولە یاری كۆتایی جامی هەرێمی كوردستان و بۆ یەكەم جار لەمێژووی وەرزشی كوردی خانمێك ببێتە داوەری یاری تۆپی پێی پیاوان.
    ئەمڕۆ لەیاری كۆتایی جامی كوردستان لەنێوان هەردوو یانەی برایەتی ونەورۆز خانمێك بووە داوەری چوارەم ولەگەڵ هاوكارەكانی یاری كۆتایی جامی كوردستانیان بەسەركەتووی بەرێوە برد.

    شاناز عەلی داوەری فوتساڵ و تۆپی پێ و ئەندامی فێرگەی تۆپی پێی رانیە،ئەمڕۆ مێژووی بۆ خۆی و وەرزشی كوردی تۆمار كرد، كاتێك بووە یەكێك لەداوەرەكانی یاری كۆتای جامی كوردستان،كە لەیارییەكە بەلێدانی یەكلاكەرەوە یانەی برایەتی بووە پاڵەوانی جامی هەرێمی كوردستان.
    سیڤی شاناز عەلی
    شاناز عەلی
    داوەری فوتساڵ و تۆپی پێ و راهێنەر شاناز عەلی ئەحمەد،ناسراو بە مامۆستا شاناز،ساڵی 1985لەشاری رانیە لەدایكبووە،دبلۆمی لە وەرزش ساڵی 2009لەپەیمانگای مامۆستایانی ڕانیە وەرگرتووە،لە ساڵی 2012 بەخۆبەخشی لەگەڵ فێرگەی كچانی رانیە كاریكردووە،لە رێكەوتی (15/5/2015) بۆتە بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی رانیە،لەساڵی 2014 بۆتە داوەری فوتساڵ.


    ساڵی 2011 یەكەم هەنگاوی لەنێو میدیای وەرزشی،لە رۆژنامەی ژیانەوە دەستی پێكرد بە هەواڵ وبابەتی وەرزشی،ساڵی 2012 لەچەند رۆژنامەیەك بابەتی وەرزشی بڵاوكراوەتەوە و وەكو پەیامنێر كاری كردووە (كوردستانی نوێ،ژیانەوە،ئاسۆ،هەولێر)،مامۆستا شاناز  زیاتر لە دوو ساڵ لە رۆژنامەی ژیانەوە بەردەوام بوو،كاری میدیای وەرزشی نووسراوی ئەنجامدەدا،قوناغی دووەمی كاری میدیای دوای ژیانەوە،چۆتە رۆژنامەی ئاسۆ،بەهەمان شێوە روماڵی چالاكیەكانی وەرزشی دەكرد،لە رۆژنامەی ئاسۆیش تا ساڵی 2015 بەردەوام بوو،دوای ساڵی 2015 ماوەیەك هەواڵنێری وەرزشی بووە،بەڵام ئێستا بەهۆی دەوامی فەرمی خۆی و كاری راهێنەرایەتی فێرگەی مندڵانی رانیە و سەرقاڵی داوەری فوتساڵ،مامۆستا شاناز لە میدیای وەرزشی دووركەوتۆتەوە.