دەزگای مین :لە ئێستادا رووبەری ٢٥٥ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی ھەرێمی كوردستان ماوە پاك بكرێتەوە لە مین

ناوخۆ
  • 4-04-2022, 12:48
  • +A -A

    هەولێر   - INA

    دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاند، زیاتر لە ١٣ ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی لە ھەرێم بوونەتە قوربانی مین و تا ئێستاش ٢٥٥ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی ھەرێم ماوە پاك بكرێتەوە لە مین.
    ئەمڕۆ ٤ی نیسان رۆژی جیھانی "ھۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین"ە و لەم یادەدا دەزگای گشتی كاروباری مین ڕاگەیەندراوەكی بڵاوكردەوە كە ئاژنسی هەواڵی عێراقی كۆپیەكی پێگەیشت وتیداهاتووە ، لە ئاكامی ئەو شەڕ و ناكۆكییانەی كە لە ھەرێمی كوردستان روویان داوە لە ئێستادا رووبەری ٢٥٥ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی ھەرێمی كوردستان ماوە پاك بكرێتەوە لە مین، ئەوەش پێویستی بە كۆمەكییەكی دارایی زۆر ھەیە كە لە ئێستادا بە تەنھا بە حكومەتی ھەرێم دابین ناكرێت.
    راشیگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە ١٣ ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتی لە ھەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی مین. دەزگای مین داوا لە ھاووڵاتیان دەكات بە ھیچ شێوەیەك و بۆ ھیچ مەبەستێك نزیكی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەكان نەكەون و ھەوڵی دەستكاریكردنیان نەدەن.
    دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
    بەیاننامەی دەزگای گشتی كاروباری مین
    بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لەمین و پشتگیریكردنی كاروباری مین
    لە رۆژی ٨ی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٥ دا، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بریاڕیدا رۆژی ٤/٤ بكاتە رۆژێكی جیهانی بۆ "هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین".
    بۆ یەكەمین جار لە ٤/٤/٢٠٠٦ دا، لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە گیرۆدەی كێشەی مین و تەقەمەنی بوون، یادی ئەو رۆژە كرایەوە. لەو كاتەوە هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لە ئاستە جیاجیاكانی حكومەت و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان UN)) و رێكخراوە ناحكومی(NGO) یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی كاروباری مین بە ئەنجامدانی ژمارەیەك چالاكی جۆراوجۆر یادی ئەو رۆژە دەكەنەوە. ئەم رۆژە بە "رۆژی كاروباری مین Mine Action Day " یش دەناسرێت.
    لەم یادەدا دەزگای گشتی كاروباری مین پیرۆزبایی لە سەرجەم پیشەگەرانی كاروباری مین لە سەرتاسەری جیهان بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەكات و هیوای سەركەوتن و سەلامەتی یان بۆ دەخوازێت.
    رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە كاروباری مین بۆ بۆ یادكردنەوەی ئەم رۆژە لەمساڵدا ٢٠٢٢ وەك ئامانجی كاركردن دروشمی "زەوی سەلامەت، رێگای سەلامەت، ماڵی سەلامەت" یان داناوە. لەو روانگەوە دەزگای مین لە هەرێمی كوردستان بەو توانایە مرۆیی و تەكنیكیەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و "كوردستانێكی پاك لە مین و تەقەمەنی" دەكاتەوە.
    لەم یادەدا دەزگای مین بۆ جارێكی دیكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو ولاتانی كۆمەكبەخش و نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەكان ئاگاداردەكاتەوە كە لە ئاكامی ئەو شەڕو ناكۆكییانەی كە لە هەرێمی كوردستان روویان داوە لە ئێستادا رووبەری 255 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە پاك بكرێتەوە ئەمەش پێویستی بە كۆمەكییەكی دارایی زۆر هەیە كە لە ئێستادا بە تەنها بە حكومەتی هەرێم دابین ناكرێت.
    دەزگای گشتی كاروباری مین وەك ئەركی خۆی سەڕەڕای قەیرانی دارایی بەردەوامبووە لە كارو چالاكییەكانی بۆ پاراستنی گیانی هاولاتیان و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی بە رادەستكردنەوەی كێلگەكان بە خاوەنەكانیان و بەكارهێنانیان بۆ كشتوكاڵ و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، هەروەها لە رێگەی تیمەكانی هۆشیاركردنەوەوە توانیویەتی بە شێوازی سەردانی راستەخۆ و كەناڵەكانی راگەیاندن و مینبەرەكانی سۆشیال میدیا سەدان هەزار هاوڵاتی لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی هۆشیاربكاتەوە.
    بە پێی ئەو داتایەی لەبەردەستدایە تاكو ئێستا زیاتر لە ١٣٥٠٠ هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی، لەو روانگەوە دەزگای مین جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاركردنەوە و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە پەیام و رێنماییەكانی هۆشیاركردنەوە دەكاتەوە و ئاگاداری هاوڵاتییان دەكات بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی (بە هیچ شێوەیەك و بۆ هیچ مەبەستێك نزیكی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەكان نەكەون و هەوڵی دەستكاریكردنیان نەدەن و لە كاتی پێویستدا لە رێگای ژمارە ١٨٢ پەیوەندی بە دەزگای مین بكەن).
    هەر لەم بۆنەیەشدا، بە پێویستی دەزانین سوپاسی حكومەتی هەرێم بكەین كە بەردەوام پێشتگیری كردووین بۆ ئەوەی بەردەوامی بەو بەرنامەیە بدەین و ئومێدەوارین زیاتر پاڵپشتی بەرنامەی كاروباری مین بكات تاكو وەك دەزگای مین بتوانین بە باشترین شێواز لەو ئەركە پیروزە بەردەوام بین.
    سەرباری ئەم ئەركە سەرۆكایەتی دەزگای مین جەخت لەسەر بەردەوام كاركردن دەكات بەئامانجی باشتركردنی بارودۆخی فەرمانبەرو كارمەندانی كاروباری مین و تێدەكۆشێت بۆ دابینكردنی ماف و شایستەكانیان كە لە ئاستی مەترسی پیشەكە و قوربانی دانیان دابێت.
    هەمیشە سەلامەت و سەركەوتووبن.
    دەزگای گشتی كاروباری مین