لقی ئەكادیمیای ئاسیا وئەكادیمیای شەتڕەنجی هەولێر كرایەوە

وەرزش
  • 28-03-2022, 22:25
  • +A -A

    هەولێر INA راپۆرت: زیاد سعدی

    بەئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی وحزبی وبەرپرسانی وەرزش لە هەرێمی كوردستان وعێراق،ئەمشەو هەردوو ئەكادیمیای لقی شەتڕەنجی ئاسیا و ئەكادیمیای شەتڕەنجی هەولێر كرایەوە.
    سەرەتا دڵزار حەمە ساڵح سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد بەخێرهاتنی میوانانی كرد،هەروەها باسی ڕۆلی گرنگی شەتڕەنج كە لەچەندین قوتابخانە وخوێندگا وپەیمانگاكان وەك وانە دەخوێندرێت،پاشان باسی لە پرۆگرامی شەتڕەنج كرد و پەرەی پێبدرێت و بچێتە هەموو ماڵێك.
    دلزار وتیشی : بەدڵنیاییەوە ئامانجمان پێكا،بەڵگەش بۆ قسەكانم،رەزامەندی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا و عرەبی بۆ كردنەوەی ئەم ئەكادیمیایە،بۆیە گرنگە بتوانین لەم رێگایەوە بەبێ جیاوازی خزمەتی یاریزانی شەتڕەنج بكەین و گرنگییان پێ بدەین،بەرپرسانیش پەیمانیان داوە شەتڕەنج بخنە بەرنامەی خوێندن.
    دواتر پشتیوان شێخ ئەحمەد سەرۆكی لقی ئەكادیمیای ئاسیا و ئەكادیمیای شەتڕەنجی هەولێر گوتی : دەمانەوێت شەتڕەنج بناسرێت وبچێتە نێو خێزانەكان لە وڵاتی خۆمان،بەكردنەوەی خول وتوێژینەوەی زانستی و دەركردنی نامیلكە وگۆڤار و كتێب ولەرێگای راگەیاندن،ئەم هەنگاوانە دەبێتە پردێك بۆ گەیاندنی شەتڕەنج،هەروەها مەبەستمانە یاریزان دروست بێت،لسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی وئاسیا وبگرە جیهانیش،ئێرە شوێنێكی ئەهلییە وحكومی نیە،هەر كەس ولایەن وحكومەتیش هاوكارمان بن و سوپاسیان دەكەین،ئەكادیمیا تەنها هی هەولێر نیە،بەڵكو موڵكی هەموو یاریزانێك و شارەكانی كوردستان وعێراقە وتەنها لە هەولێر كراوەتەوە،هەروەها گوتیشی : رۆڵی راگەیاندن دەتوانم بڵێم 75%  لە ناساندن وپەرەپێدانی شەتڕەنج.
    ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی: دەستكەوتێكی باشە بۆ هەولێر كە لێیەوە شەتڕەنج پەرەی پێبدرێت،پیرۆزبای لەخۆمان وئێوە دەكەین،وەك پارێزگای هەولێر بەپێی رێنمایەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرچی بكرێت بۆ وەرزش بەگشتی و یاری شەتڕەنج دڵنیابن ئێمە پاڵپشتتان دەبین وهاوكاریشتان دەبین.
    زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی شەترەنجی عێراق گوتی: بەهۆی گرنگی پێدان و بوونی بنكەی فراوانی شەتڕەنج لە هەولێر وهەرێمی كوردستان ودوای رەزامەندی یەكێتی شەتڕەنجی ئاسیا و عەرەبی، پەیوەندی كردنی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق بە بەرێز شێخ سوڵتان بن خەلیفە ئالهەییان ، تواندرا لقی ئەكادیمیای شەتڕەنجی ئاسیا لەهەولێر بكەینەوە،هیوادارین ئەو ئەكادیمیایە گرنگی پێبدرێت،هیوادرین ئەم ئەكادیمیایە ببێتە نەخشەی شەتڕەنج لە عێراق بۆ ئەوەی هەموومان سوودی لێوەرگرین.
    زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی شەتڕەنجی عێراق زیاتر باسی ئەكادیمیای كرد و گوتی : زۆر قورس وئاسان نیە لەهەموو شوێنێك بكرێتەوە،بەڵام هەوڵدان بۆ ئەم كارە باشە وكاری بۆ بكەین،چونكەدەبێتە كۆكردنەوەی خێزانی عێراقی لە یاری شەتڕەنج،لەهەموو وڵاتێك تەنها یەك ئەكادیمیایە هەیە،بەڵام لە عێراق سوپاس بۆ خوای گەورە دوو ئەكادیمیا هەیە.ئەمەش دەستكەوتە بۆ هەولێر وبەغدا.