لەتیف هەڵمەت..... شۆڕشێكی شیعری و ئەدەبی

وتار
  • 25-01-2022, 09:00
  • +A -A

    به‌غدا-INA   
    نوسینی: محەمەد فاتیح حامید


    لەتیف هەڵمەت، شاعیرێكی سۆفی، شاعیرێكی یاخی، ناوی تەواوی لەتیف كوڕی شێخ مەحمود، كوڕی شێخ محمدی كەسنەزانە، شاعیر و ئەدیبێكی كوردە و ساڵی 1947 لە قەزای كفری سەر بەپارێزگای سلێمانی هەرێمی كوردستانی عێراق لەدایك بوە و لە خانەوادەیەكی رۆشنبیر و ئایین پەروەری سۆفیە و بنەچەی دەچێتەوە سەر ئیمامی حسێنی كوڕی عەلی كوڕی تاڵیب و بەدەیان كتێبی ئەدەبی و چیرۆك و شیعری بەچاپ گەیاندوە و جەنگاوەرێكی هێزەگانی پێشمەرگەش بوە.
    لەكارەكانی لەتیف هەڵمەت، خواو و شارە بچكۆلەكەمان 1970، ئامادەبوون بۆ لەدایكبوونێكی تر 1973، پرچی ئەو كچە ڕەشماڵی گەرمیان و كوێستانمە 1976، ئەو نامانەی كە دایكم نایانخوێنێتەوە 1979، ئەو هۆنراوەیەی كە تەواو دەبێ و تەواو نابێ 1979، وشەی جوان گوڵە گوڵ 1979.
    لەتیف هەڵمەت زیاتر لە ٧٩ بەرهەمی چاپ و بڵاو كردووەتەوە، لە بوارەكانی "شیعر بە كوردی و عەرەبی، لێكۆڵینەوەی عەرەبی و كوردی، شیعر بۆ منداڵان، چیرۆك و شانۆنامە، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە". 
    شیعرەكانی لەتیف هەڵمەت بۆ زۆرێك لە زمانەكانی جیهان وەرگێڕدراون و بڵاو كراونەتەوە، وەك "عەرەبی، فارسی، توركمانی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سویدی و فەرەنسی و"دەیان لێكۆڵینەوە بە كوردی و عەرەبی و فارسی لەسەر شیعرەكانی لەتیف هەڵمەت كراوە و چاپ و بڵاو كراونەتەوە، و بەدەیان كەسیش ماستەر و دكتۆرایان لەسەر بەرهەمەكانی وەرگرتووە، و ژمارەیەك خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانی پێبەخشراوە لەوانە خەڵاتێكی سویدی لەبواری شیعری منداڵاندا، سەرەڕای ئەمانەش لەهەڕەتی لاوێتیدا لەساڵانی حەفتاكاندا چۆتە نێو ریزەكانی هێزەكانی پێشمەرگەوە.
    لەتیف هەڵمەت لەسەر ژیانی خۆی دەدوێت
    "لە ماڵێكی ڕۆشنبیردا لە دایك بووم، هەر بەهەشت نۆ ساڵی لە مەجلیسەكانی باوكمدا عاشقی شیعری حافزی شیرازی و سەعدی شیرازی و فەریدەدینی عەتار و جەلالەدینی ڕۆمی و خەیام و بێ دڵ و فیردەوسی و ابن عەرەبی بووم ، باوكم ئەو شیعرانەی بۆ میوان و موریدەكانی دەخوێندەوە و دەیكردن بە كوردی و منیش گوێم لێدەگرت، دوای ئەوسا خۆم سەوداسەری شیعری نوێی عەرەبی و ئەوڕوپایی بووم، بدر شاكر السیاب و عبدالوهاب البیاتی وبڵند الحیدری و ادونیس و انسی الحاج و نزار قبانی و محمود درویش و سمیح القاسم و .. ت س الیوت و شللی و بایرون و كیتس و عزرا باوند و مایكوفسكی و بوشكین و ێ‌نا اخماتوفا و نازم حكمت و اراغون و بیكت و لوركا و الوار و رامبو و بودلیر و سەدان شاعیری دیكەی كۆن و نوێ بووم و زۆر جار ژەمێك یان دوو ژەم مانم لەخواردن دەگرت یان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕۆژوو دەبوم تاوەكو خەرجیەكانم نەدەم بەخواردن و كتێبی پێبكڕم، زۆر جار هێندە قوڵدەبمەوە لەخوێندنەوە تا ئەو كاتەی گوێم لە بانگی بەیانی دەبێت دەخوێنمەوە، كاتی خۆی دەچوم لە دار الكتب القدیمە و شەقامی موتەنەبی لەبەغدا كتێبم دەكڕی، هێندە خوێندمەوە و كتێبم كڕی تاوەكو ژوورە پڕ لەكتێبكەم بوو بە خەڵوەتگا و شوێنی خەڵوەتم!.
    هەڵمەت دەڵێت: ئەگەر نیوەی سامانی جیهانم هەبوایە لەسەدا 90% یم دەدا بەكڕینی كتێب و خۆشترین رۆژم ئەو رۆژانەن كە پارە دەدەم بە كتێب كڕین یان چاپكردنی و هاوڕێی هەمیشەیشم هەر كتێبە، زۆر جار لەكفری و كەركوكەوە سەفەرم كردوە بۆ بەغدا تەنها لەپێناو كڕینی چەند كتێبێك و هەندێك جار زیاتر لەجارێك سەفەرم دەكرد تاوەكو ئەو كتێبانەم دەستبكەوێت كە مەبەستمە، كتێب بوە بەخواردن و خواردنەوەم و پەیوەندیەكی زۆر خۆشم لەگەڵ هەموو كتێبەكان هەیە بەتایبەتی لەگەڵ شیعردا، ساڵی 1969 یەكەم شیعرم لە گۆڤاری رزگاری لەسلێمانی بڵاوكردەوە، یەكەم دیوانە شیعریشم ساڵی 1970 لەژێر ناونیشانی خواو شارە بچكۆلەكەمان بڵاوكردەوە، یەكەم كتێبی شیعریشم بۆ منداڵان ساڵی 1979 لەژێر ناونیشانی جوانترین گوندەكان بڵاوكردەوە و ساڵی 1970 بوم بە ئەندامی لەیەكێتی نوسەران.
    "لەتیف هەڵمەت سەرەڕای ئەوانەی باسمان كرد ، مرۆڤێكی زۆر بەخشندەیە و زۆر جار  پارە بەسەر كەسوكارەكەیدا یان بەسەر كەسانی كەمدەرامەت و دەستكورتەكان و هەژاراندا دەبەخشێتەوە و بگرە چۆن حەزی لەكڕینی كتێبە ئەوەندەش ئارەزوی خێرخوازی  و بەخشین دەكات و شانبەشانی كتێب كڕین، دەبەخشێت!، بەهەمان شێوە زۆر بەبەزەیی و میهرەبانە لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندەكان و داڵدەیان دەدات و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەكات".
    هەڵمەت لەباسی خۆیدا دەڵێت:
    "من لەتیف شێخ مەحمود شێخ محەمەد كەسنەزانیم ناسراوم بە لەتیف هەڵمەت، باپیرم لە گوندی كەسنەزانی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەدایكبوە و رویكردوەتە گەرمیان بۆ بڵاوكردنەوەی تەریقەتی قادری كە تەریقەتێكی ئایینیە، و ساڵی 1947 لەشاری كفری لەمالێكی پڕ لەكتێب لەدایك بومە و باوكیشم شاعیر بوە و شێخی ناوچەكە بوو ، ساڵانە بەهەزاران كەس دەهاتن بۆ لای تاوەكو نزایان بۆ بكات، رۆڵی پزیشكێكی ئەو سەردەمەی دەبینی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی شێتی و شێرپەنجە و ئەو ژنانەی منداڵیان نەدەبوو یان لەباریان دەچوو".
    " من لەماڵێكی پڕ لە كتێب و ئەفسانە و ئایین پەروەر لەدایك بومە، هەر بۆیە وەكو منداڵێكی ئاسایی نەبوم و لەناخمدا یاخی بون هەبوو، یاخیبوم لەزۆربەی شتەكان و حەزم بە تازەگەری هەبوو، هەر بۆیە لەو بازنەیەی بۆم كێشرابوو دەرچوم و یاخی بوم و هەر بەم هۆیەوە نازناوی هەڵمەتیان لێنام، هەڵمەت بۆ سەر شتە كۆنەكان بۆ سەر شتە باوەكان و دژ بەهەموی وەستامەوە".
    لەتیف هەڵمەت بەیەكەم شاعیر هەژمار دەكرێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و بگرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە پلەوپایەی حكومی و حزبی پێشكەشكراوە و رەتیكردوەتەوە، بەپلەی وەزیریشەوە!، بەهەمان شێوە رەتیكردوەتەوە بچێتە نێو حزب و سیاسەتەوە و دژ بەهەمو ئەو دەسەڵات و رژێمانە وەستاوەتەوە كە تێوەگلاون لەگەندەڵی و ستەم و زۆرداری لەهەر شوێنێكی سەر گۆی زەوی بونیان هابوبێت، بەتایبەتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان!.
    كاتێك تەمەنی لەنێو 12 بۆ 13 ساڵاندا دەبێت گوێی لەدەنگەدەنگێك دەبێت، كە دەچێتە دەرەوە تەماشا دەكات هێزەكانی حەرەس قەومی تەرمی چەند چەنگاوەرێكی پێشمەرگە بەشەقامەكانی كفریدا رادەكێشن، ئەم روداوە وایلێكرد بەبێ‌ ویستی خۆی دەست بدات قەڵەم و بۆ یەكەم جار شیعر بنوسێت!.
    لەساڵی 1970 لەكۆنگرەی دووەمی یەكێتی نوسەرانی كورد لەگەڵ فەرهاد شاكلی هاوڕێی بەیاننامەی گروپی كفریان خوێندەوە ئەو گروپەی بانگەشەی بۆ تازەگەرێتی دەكرد لەشیعری كوردیدا و دژی هەمو بیرۆكە باوە كۆنەكانی شیعر نوسینەوە بون.
    لەتیف هەڵمەت بەڕونی یاخی بونی پێوە دیارە و توانیوێتی چەندین گۆڕانكاری سەردەمیانە لەچۆنێتی نوسین و بابەتە شیعریەكاندا بكات، كە پێش ئەو بونیان نەبوە، یاخی بونی لەتیف هەڵمەت تەنها لەنوسیندا بەدی ناكرێت بەڵكو هەمو لایەنەكانی ژیانی گرتوەتەوە، جارێگیان بەڕۆژی روناك فانۆسێك دەگرێت بەدەستیەوە و بەشەقامەكانی كفریدا گوزەر دەكات، جارێكی دیكەش قژی بەشێوازێكی نوێ‌ دەبڕێ‌ و كتێبێك دەگرێت بەدەستیەوە و لەیەكێك لەچایخانەكانی كفری لەنێو هاژەهاژی دەنگی تاوڵە و دۆمینەدا دەخوێنێتەوە.
    لەیەكەم ڤیستیڤاڵی شیعریش لەكەركوك كاتێك كە رێگریان لەگەنجەكان دەكرد شیعر بخوێننەوە هەرایەكی گەورەی نایەوە و پۆلیسی كەركوك دەستگیریان كرد، هەڵمەت دەڵێت: بەهۆی سیاسەتەوە دەستگیرنەكراوم بەڵكو بەهۆی داكۆكیكردنم لەشیعری نوێ‌.
    ئەستەمە بتوانیت رەوتەكانی لەتیف هەڵمەت دەستنیشان بكەیت، دەمێك وەكو سۆفیەك دەردەكەوێت و دەمێكیش وەكو سیریالی، بۆ ئافرەت و خۆشەویستی دەنوسێت و دەمێكیش بۆ نیشتیمان و داكۆكی لێدەكات، بەڵام تازەگەری و یاخی بوون هەمیشە بە نوسینەكانیەوە دیارە، خۆیشی زۆر جار بەشاعیرێكی سۆفیگەری یان یاخیبوو ناوەزەند دەكات، بەڵام ژیانی ئاسایی خۆی بەدەر نیە لە سۆفیگەرێتی بەڵكو لەحاڵەتێكی سۆفیگەرێتی بەردەوامدا دەژی! 
    لەتیف هەڵمەت، شاعیرێكی یاخی، شاعیرێكی سۆفی، منداڵێكی هاروهاج، جەنگاوەر، عاشق، دڵدار، شۆڕشگێر، بڵندی، ئیعجازێكی شیعری، حاڵەتێكی بێ‌ وێنە، ئەفسانەیەكی مێژوویی، تازەگەریەكی تازە، پێنوسێكە لەسەر پێیەكانی دەڕوا و بۆ هەتا هەتایە لەمێژوودا نوسینەكانی قوڵپ دەدەن و وشك ناكەن!