سەرۆک کۆمار: دەبێت کۆتایی بە قەیرانەکانی ناوچەکە بهێندرێت لەڕێگای دیالۆگ و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان

سیاسی
  • 23-12-2021, 13:32
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح،سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ پێنجشەممە،جەختیکردەوە،لەپێویستی کۆتاییھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە لە رێگەی دیالۆگ وکەمکردنەوەی بارگرژییەکان.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)کەوتووە،بڵاویکردەوە" سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە لویجی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا،ئەوەش هاتوە، لەدیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن کرا لەبوارە جیاجیاکان، بەتایبەتی روبەڕوبونەوەی تیرۆر، توندڕەوی، بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوری، فەرھەنگی، کەلتوری، بەرەنگاربونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە".
    سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستوەتەڕو، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیتاڵیا، ھاوکات پشتیوانی ئیتاڵیای بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرزنرخاند لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانی ناتۆ، سەرەڕای پێشکەشکردنی کۆمەک و ھاوکارییە مرۆییەکان".
    سەبارەت بە گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیش، سەرۆک کۆمار دوپاتیکردوەتەوە لەگرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە و پشتیوانیکردن لە دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی گرفت و جیاوازییەکان و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە سیاسەتی هاوسەنگی عێراق ھەنگاوێکە بە ئاڕاستەی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەروەری عێراق بنەمایەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیری گشت ناوچەکەیە.
    لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پابەندبونی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق، ھەروەھا ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھاوکات ئاماژەیکرد کە حکومەتی ئیتاڵیا چاوی لە بەھێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانە لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارە جۆراوجۆرەکان.