
بەغدا – ا ه ع ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمرۆ دوو شەممە، لەمیانی پێشوازیكردنی لە هندریك فان دی فیلدی باڵیۆزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن تەئكیدی لەسەر پێویستی عێراق بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی كردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاسەواری شەڕی تیرۆریستانی داعش. لەوبارەیەوە لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) نێردراوە، نوسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند ئارام شێخ محەمەد بە باڵیۆزی بەلجیكای راگەیاندوە، عێراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێویستی بە پشتیوانی و هەوڵی وڵاتانی دۆست هەیە بۆ ئەوەی ئاسەواری ئەو وێرانیەی شەڕی تیرۆریستانی داعش بەسەر وڵاتیان هێناوە تێپەڕێنێت و دەست بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و دەستەبەركردنی ئەمن و ئاسایش بكات و ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بگەرێنەوە. لای خۆیەوە فیلدی پەرۆشی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ پتەوكردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەكاندا و بەردەوامبونی لەسەر پێشكەشكردنی هاوكاری و دەستەبەركردنی هاریكاری مرۆیی پێویست و كاریگەر بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق.