داوای درێژکردنەوەی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەکرێت

جیهانی
  • 18-06-2021, 22:51
  • +A -A

    به‌دواداچوون-اه‌ع

    تیمی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی، یەکێک لەکاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران داوای لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد پرۆسەی دەنگدان تاوەکو کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی درێژبکرێتەوە بەهۆی بونی قەرەباڵغی لەسەر بنکەکانی دەنگدان.
    تیمی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی لەراگەیەنراوێکدا کەئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆیان کردوە باس لەوەش دەکەن، بەمەبەستی قەرەبوکردنەوەی ئەو کەم و کوڕیانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەبون و  پێدانی دەرفەتی زیاتر بەو هاوڵاتیانەی تائێستا بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردوە، داوا دەکەن  پرۆسەی دەنگدان تاوەکو کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی درێژبکرێتەوە.
    هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، بەهۆی بونی قەرەباڵغی لەسەر بنکەکانی دەنگدان، پێدەچێت وەزارەتی ناوخۆ وادەی دەنگدان کەبڕیاربو کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو کۆتایی بێت، تا وەکو کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی درێژبکاتەوە.
    لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، تائێستا زیاتر لە 22000000 (بیست و دو ملیۆن) هاوڵاتی لەهەڵبژاردنەکەدا دەنگیانداوە و رێژەی بەشداری هاوڵاتیان گەیشتوەتە 37%.
    بەبەشداری 59310307 (پەنجا و نۆ ملیۆن و سێ سەد و دە هەزار و سێ سەد و حەوت) ئەمڕۆ هەینی 18ی حوزیران، خولی 13هەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت.
    بەپێی راپرسییەکی ناوەندی هەڵسەنگاندنی بیروڕای خوێندکارانی ئێران – ئیسپا کە رۆژی 14ی ئەم مانگە ئەنجامیداوە رکابەری سەرەکی هەڵبژاردنەکە لەنێوان ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کاندیدی نەریتخوازەکان و عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران، ریفۆمخواز و مامۆستای ئابوری زانکۆی تاراندا چڕبوەتەوە.