ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌مریكا:لە هێرشەکەی کۆنگرێسدا پۆلیسێک و هێرشکارەکە کوژران

جیهانی
  • 2-04-2021, 21:48
  • +A -A

    چاودێرى-اه‌ع

    ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندنى ئه‌مریكا ڕایانگه‌یاند،دوا نیوەڕۆی رۆژی هەینی بە کاتی واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی کردە نێو پۆلیسی پارێزەری باڵەخانەی کۆنگرێسدا، لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو، شۆفێرەکەش دوای بریندارکردنی و دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، گیانی لەدەستدا. 
    پۆلیسی کۆنگرێس دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە پەرژینی ئەمنیی باڵەخانەی کۆنگرێسی بڕیوە و خۆی بە دوو ئەفسەری پۆلیسدا کێشاوە، دواتر هێرشکارەکە بە چەقۆیەکەوە لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە و هەوڵیداوە پەلاماری هێزەکانی پۆلیس بدات، بەڵام تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
    هەروەها پۆلیس روونیشیکردەوە، ئەوان پێیان وانییە هێرشەکە تیرۆریستی بێت و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هاندەری پشتی. 
    پۆلیسی کۆنگرێس دەشڵێت، هێرشکارەکە لە لایەن ئەوانەوە ئاشنا نییە و تاوەکو ئێستا دیار نییە ئاخۆ پێشتر هیچ دۆسیەیەکیان لەسەری هەبووە یان نا.
    پۆلیس دەڵێت، ناوی هێرشکارەکە "نەوا گرین" ـە، تەمەنی 25 ساڵان بووە و خەڵکی ویلایەتی ئیندیانا بووە.
    پۆلیسی کۆنگرێس ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوان پێیانوایە هەڕەشەکە کۆتایی هاتووە و دابەشبوونی هێزە ئەمنییەکان لە کۆمەڵگەی کۆنگرێس ئاسایی دەکەنەوە.