پەرلەمانتارێک:ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی ونەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکە بەهۆی کوردەوە نەبووە

سیاسی
  • 15-03-2021, 17:30
  • +A -A

    بەغدا-اەع-سۆما جاف
    ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان،ئەمڕۆ دووشەممە،دووپاتیکردەوە ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی،هەروەها ڕەتیشیکردەوە نەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنی ئەمڕۆ پەیوەندی بەپەرلەمانتارانی کوردەوە هەبێت.
    شێخ دلێر بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع)ڕایگەیاند"ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەبارەی یاسای دادگای فیدڕاڵی وهیچ ڕێککەوتنێکیش لەنێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان نەکراوە"،ڕوونیشیکردەوە"هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە بۆ کاتژمێری حەوتی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەکانی سەر ئەم یاسایە".
    وتیشی"دانیشتنەکە تاوەکو ئێستا ساز نەکراوە تاوەکو بڵێین کورد کشاوەتەوە بۆ تەواونەکردنی ڕێژەی یاسایی"،ئاماژەیشیدا "ناکۆکییەکانی یاساکە لەسەر ژمارەی ئەندامانی دادگایە،ئەویش بەزیادکردنی چوار شارەزای فیقهی ئیسلامی ودوو فەقیی یاسایی وەک ئەندامی دادگای فیدڕاڵی لەپاڵ نۆ ئەندامە دادوەرەکان".
    شێخ دلێر دووپاتیشیکردەوە"ئەمە کێشەیەکی گەورەیە ،چونکە فەقییانی یاسایی وشارەزایانی فیقهی ئیسلامی دەتوانرا وەک شارەزا ڕاوێژییان پێبکرایە بەڵام ڕەوا نییە وەک ئەندامانی دادگای فیدڕاڵی دیاری بکرێن"،ڕایشیگەیاند "ئەم ڕێوشوێنە کێشەیەکی تری دروستکرد وزۆربەی چالاکوانانی مەدەنی وسیاسەتمەداران ڕایانگەیاند ئەم هەنگاوە عێراق دەخاتە مەترسییەوە وڕۆڵی دادگایش نامێنێت تەنانەت دەستێوەردان لەدادگا دروست دەبێت".
    لەبارەی ئەو هەواڵانەیش کەباس لەوە دەکەن کەیاسای دادگای فیدڕاڵی پەیوەستە بەدەنگدان لەسەر بوودجە شێخ دلێر ئاماژەیدا"هیچ پەیوندییەک لەنێوان هەردوو یاساکەوە نییە چونکە جیاوازن وهەر یەکەیان هەنگاو وڕێوشوێنی تایبەت بەخۆیەوە هەیە".
    پێشووتریش،دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری دواخستنی وادەی دانیشتنەکەیدا کەبڕیار بوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بکرێت بۆ کاتژمێر حەوتی ئێوارە.