میدیاکانی ئەمریکا..جۆبایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بووە 46ـەمین سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا

  • 7-11-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌دواداچوون-اه‌ع

     
    میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بووە 46ـەمین سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و لە دۆناڵد ترەمپی، بەربژێری کۆمارییەکانی بردەوە. 
    دوای چوار رۆژ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیێندرا و جۆ بایدن ویلایەتی پەنسلڤانیای بردەوە و بەمەش بووە 46ـەمین سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و 284 کورسی بەدەستهێنا.
    ئەمڕۆ جۆ بایدن رایگەیاند، کە ئەوان سەرکەوتنی پێشوەختە راناگەیێنن، "بەڵام ژمارەکان پێمان دەڵێن، ئەوە روونە کە ئێمە دەیبەینەوە". دەشڵێت، لە رۆژی رابردووەوە دەستبەکاربوونە لەگەڵ کامالا هاریسی جێگری، لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایانی ئابووری و تەندروستی کۆبوونەتەوە و باسی پلانی تەندروستی و ئابوورییان کردووە. 
    جۆ بایدن دەڵێت، پێویستە هێمنی بپارێزن و رێگەبدەن پرۆسەکە بە ریتمی خۆی بەڕێوەبڕوات. جەختیش لەوە دەکاتەوە، دەبێت هەموو دەنگەکان بژمێردرێن گوتی "گوێ نادەم بەوەی کە خەڵکی چۆن دەیانەوێت بیوەستێنن، بەڵام ناهێڵم ئەوە رووبدات". 
    بەربژێری دیموکراتەکان باسی دۆناڵد ترەمپی نەکرد، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە تویتەرەوە بانگەشەی ئەوە دەکات ساختەکاری کراوە و دەنگەکانی دزراوە، بایدن تەنیا لەو کاتانەدا ناوی ترەمپی هێنا کە ئاماژەی بەوە کرد، لەپێش ئەوەوەیە. 
    هەر ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆمارییەکان لە دوایین تویتیدا رایگەیاند، کە لە دەنگدان بە جیاوازییەکی زۆر لە پێشەوەیە و بردوویەتییەوە.