سه‌رۆكایه‌تیه‌كان جه‌خت له‌مانه‌وه‌ى چه‌ك له‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى نێرده‌ دبلوماسیه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

الأحد 27 أيلول 2020 - 19:26

سه‌رۆكایه‌تیه‌كان جه‌خت له‌مانه‌وه‌ى چه‌ك له‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى نێرده‌ دبلوماسیه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

 به‌غدا-اه‌ع

 
هەرسێ سەرۆكایەتییەكه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،جه‌ختیان له‌ مانه‌وه‌ى چه‌ك به‌ده‌ستى ده‌وڵه‌ت و پاراستنى نێرده‌ دبلوماسیه‌كان كرده‌وه‌ هه‌وروه‌ها بە ئامانجكردنی بنكە و بارەگا سەربازی و مەدەنییەكان و بەردەوامیی تیرۆركردن و ڕفاندنی چالاكوانانی عێراق لێدانە لە ناوبانگی عێراق لە جیهاندا.
 
نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" ئەمڕۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆمار كۆبوونەوە
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار میوانداریی هەریەك لە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە و كۆبوونەتەوە.
 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "كۆبوونەوەكە ڕوداوەكانی ئەمدواییانەی تاووتوێكرد، جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی بە ئامانجكردنی بنكە و بارەگا مەدەنی و سەربازییەكان و بەردەوامیی تیرۆكردن و ڕفاندنی چالاكوانانی مەدەنی واتا بە ئامانجكردنی عێراق و سەروەری وڵاتەكە، هەروەها لێدانە لە ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق و پەیوەندییە دەرەكییەكانی".
 
ئەندامانی كۆبوونەوەكە ئاماژەیان بەوەشكردووە، بەردەوامی پێكدادانی سەربازی و لێكەوتەكانی زیانی گەورە بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت.
 
سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگ سێ سەرۆكایەتییەكە ئاشكرایانكردووە، "ڕاگەیاندنی جەنگ لە پسپۆڕی دامەزراوە یاسادانەر و جێبەجێكارەكانی دەوڵەتە بە پشت بەستن بە یاسا و دەستور، بۆیە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە جەنگ ڕابگەیەنێت و یاخود لەسەر بنەمای جەنگ مامەڵە بكات لە خاكی عێراقدا".
 
سەرۆكایەتییەكانی عێراق ئەوەشیان خستوەتەڕوو، هەروەها عێراق هەموو دەستوەردانێك لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتەكە لەلایەن هەر دەوڵەتێكەوە بێت ڕەت دەكاتەوە، هەرچۆن ڕەتی دەكاتەوە وڵاتەكە ببێتە گۆڕەپانی پاكتاوكردنی حسابات.
 
لەبارەی مانەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا ئەندامانی كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكومەتی عێراقی بۆ ئەو مەبەستە دەربڕیوە، لەگەڵ ڕێگریكردن لە بە ئامانجكردنی نێردە دیپلۆماسییەكان كە پاراستنیان لە ئەستۆی عێراقە.
 لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە عێراق پابەندبێت بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنە ستراتیژییەكان لەگەڵ ئەمریكادا، هەروەها بەردەوامی هەماهەنگییەكان لەبارەی ڕاهێنان و چەكداركردنی هێزە عێراقییەكان و شەڕی دژ بە داعش.
 
هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بە پێویستیان زانیوە، پابەندی ڕاسپاردەكانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان بن لەبارەی بەڕێوەچوونی هەلبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەكی بێگەرد و ئازاد و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان لە وڵاتدا.