كازمی ئامادەیی حكومه‌تى بۆ لابردنی سەرجەم بەربەستەكان لەبەردەم كارى كۆمپانیا ئەمریكییه‌كان له‌عێراق دەبڕیوە

  • 20-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    كازمی ئامادەیی حكومه‌تى بۆ لابردنی سەرجەم بەربەستەكان لەبەردەم كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانی ئەمریكا راگەیاندو كۆمپانیاو خاوەنكارانی ئەمریكاش ئامادەییان دەبڕیوە لەعیراق كاری وەبەرهێنان بكەن.
    بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا بەئامادەبوونی دان برۆیلت وەزیری وزەی ئەمریكا لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی كۆڕبەندی پیاوانی خاوەن كاری ئەمریكی و ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.
    لەكۆبوونەوەكەدا كازمی ئاماژەی بەگرنگی هاوكاری ستراتیجی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریكاو كۆمپانیاو بانكە ئەمریكییەكان كردوەتەوە، هەروەها تەئكیدی لەسەر ئامادەیی حكومەتی عیراق كردوەتەوە بۆ لابردنی سەرجەم بەربەستەكان لەبەردەم كاری كۆمپانیا ئەمریكیەكان لەعیراقدا.
     
    سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی پێڕاگەیاندون كە دەرفەتی وەبەرهێنان لەبەردەم پیاوانی خاوەن كارو كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەڕەخسێنن، داواشی لە بانكە ئەمریكییەكان كردوە لەبواری سیستمی بانكیدا هاوكاری عیراق بكەن تا وەك بانكێكی جیهانی ببێتە دەروازەیەكی بنەڕەتی بۆ كردنەوەی ئابورییەكی گەورەو بەهێز.
     
    هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەندامانی كۆڕبەندی پیاوانی خاوەن كارو ژووری بازرگانی ئەمریكی ئامادەییان دەبڕیوە بۆ كاركردن و وەبەرهێنانی كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا لەعیراق.