کۆرۆنا گەیشتە نێوماڵی لیڤەرپوول

  • 18-08-2020, 00:00
  • +A -A

     چاودێرى-اه‌ع

     
    راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئینگلتەرا دووپاتیانکردەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە نێوماڵی یانەی لیڤەرپوولی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ.
    بەپێی ئەو سەرچاوانە، کەسێکی نێو شاندی یانەی لیڤەرپوول لە نەمسا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کە ئێستا ئەو یانەیە لەو وڵاتە کەمپێکی مەشقی کردووەتەوە، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ وەرزی نوێی پرێمەرلیگ.
    پێشتر پاڵەوانی جیهان و ئەوروپا بەنیازبوو کەمپی مەشقی لە شاری ئیڤیان لە فەرەنسا بکاتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شارەدا، کارگێڕی یانە ئینگلیزییەکە کەمپە مەشقییەکەی گواستەوە نەمسا.
    ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی لیڤەرپوول ناوی تووشبووەکەی ئاشکرا نەکردووە، بۆیە هێشتا نەزانراوە کە تووشبووەکە یاریزانە یان کارمەندێکی یانەکەیە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکەش دەڵێن "ئەوەی لە لیڤەرپوول تووشی کۆرۆنا بووە یاریزانە، بەڵام هێشتا ناوی نەزانراوە" .
     
    لێشاوی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەندێک شاری ئەوروپا دەستیپێکردووەتەوە و رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لەو شوێنانە بەرزبووەتەوە، کە بێگومان یاریزانانیش بەشی خۆیان حاڵەتی تووشبوونیان بەردەکەوێت.