ترەمپ: نامەوێت ئێستا لەگەڵ چین رێکبکەوین

  • 19-08-2020, 00:00
  • +A -A

     چاودێرى-اه‌ع

     
    دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند بڕیاری دواخستنی گفتوگۆکانی نێوان چین و ئەمریکای داوە. ترەمپ رایگەیاند نایەوێت لەم کاتانەدا لەگەڵ چین گفتوگۆ بکات.
    بڕیاربوو رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە گفتوگۆکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر قۆناخی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی نێوانیان دەستپێبکاتەوە، بەڵام کۆبوونەوکان دواخران بۆ کاتێکی نادیار.
    دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرێسکۆنفرانسێکدا رایگەیاند: "گفتوگۆکانم لەگەڵ چین دواخستوون، دەزانی بۆچی؟ چونکە نامەوێ ئێستا لەگەڵیان رێکبکەوم، نامەوێ ئێستا رێکبکەوین، بەهۆی ئەو شتەی بەسەر وڵاتەکەمان و جیهانیاندا هێنا ،ئێستا نامەوێت گفتوگۆ لەگەڵ چین بکەین".
    هەرچەندە تائێستا روون نەبووەتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن لە شاری ووهانی چین سەریهەڵدا و بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەڵام ترەمپ ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکراوی چینە و لە چەند بۆنەیەکیش ڤایرۆسەکەی بە "چینی" ناوبردووە.
    ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووڕەیە لە چین کە بەپێی رێککەوتنەکەی نێوانیان هەوڵی نەداوە کاڵا و شتومەکی زیاتر لە ئەمریکاوە هاوردەبکات.
    بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی چین رایانگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەربەستی جددی دروستکردووە بۆ ئەوەی کە رێککەوتنەکە چیبەجێنەکرێت.
    سەرەرای ئەوەش چین بڕیاریداوە لە مانگی هەشت و نۆی ئەمساڵ بڕی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و گاز لە ئەمریکا بكڕێت وەک هەنگاوێک لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی نێوانیان.
    ترەمپ کە لە سەردانەکەیدا بۆ شاری یومای ئەریزۆنا بۆ رۆژنامەڤانان قسەی کرد رەخنەی تووندیشی لە جۆ بایدنی رکابەری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گرت و دەڵێت ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆکی ئەمریکا هەموو شتێک دەداتە چین، لەبەر دوو هۆکار، زیرەک نییە و لاوازە، چینیش دەبێتە خاوەنی ئەمریکا .
     
    سه‌رچاوه‌:ڕووداو