بایرن میونشن بە ئەنجامێکی مێژوویی بەرشلۆنەی لە چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە

  • 14-08-2020, 00:00
  • +A -A

    چاودێرى-اه‌ع

     
    سێیەم ڕووبەڕووبوونەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێوان یانەکانی بەرشلۆنە و بایرن میونشن ئەنجامدرا و ئەڵمانییەکان بلیتی قۆناغی نیوەی کۆتاییان بڕی.
    ئەمشەو، هەینی لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، لە یاریگای دالوز یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەرانبەر بەرشلۆنەی ئیسپانی یاریکرد.
    لە تایمی یەکەمدا ئەستێرەکانی باڤاریا ئاستێکی ناوازەیان پێشکەشکرد، گوشاری توندیان خستەسەر گۆڵی ئەندرێ تێر شتیگن، لەخولەکی چوار تۆماس مولەر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
    لەدوای ئەم گۆڵە بارسا گوشارەکانی پێچەوانە کردەوە و لە خولەکی حەوت داڤید ئالابا بەهەڵە گۆڵی یەکسانکردنەوەی لەسەر یانەی بایرن میونشن تۆمارکرد.
    بایرن بە یەکسانبوون قایلنەبوو، دووبارە گوشاریان لەسەر گۆڵی بارسا دروستکردەوە و لە خولەکەکانی (21, 27, 31) سێ گۆڵی دیکەیان لە ڕێگەی ئیڤان پێریسیچ، سێرج گنابری، تۆماس مولەرەوە لەسەریەک تۆمارکرد و ئەو تایمە بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک کۆتاییهات.
    لە تایمی دووەمدا هەمان سیناریۆکانی تایمی یەکەم دووبارەبوونەوە، لەگەڵ دەستپێکدا مێسی و هاوەڵانی هەوڵیاندا ئەنجامەکە هاوتا بکەنەوە، لە خولەکی (57) لویس سوارێز گۆڵی دووەمی یانە کەتەلۆنییەکەی تۆمارکرد.
    لە خولەکی (63) بەهێرشێکی هەڵگەڕاوەی ڕێخکراو جۆشوا کیمیچ دووبارە یانە ئیسپانییەکەی بێهیواکرد و گۆڵی پێنجەمی بایرنی لەسەر خشتەی یارییەکە نوسییەوە.
    لە کۆتا خولەکەکاندا هانزی فلیک لەڕووی تاکتیکییەوە باڵادەستی نیشاندا و لە بارەکانی درێژی و پانی یاریگا کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریگایانکرد، لە خولەکی (82) ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی هێرشبەری پۆڵەندی و خولەکەکانی (85 و 88) فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی گۆڵی شەشەم و حەوتەم و هەشتەمیان تۆمارکرد و ئەنجامەکەیان بۆ (2-8) فراوان کرد، یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە مێژووییە کۆتاییهات.
    یانەی بایرن میونشن بەم بردنەوە مێژووییە سەرکەوتنی بۆ قۆناغی نیوەی کۆتایی مسۆگەرکرد، لەو قۆناغەشدا بەرانبەر براوەی یاری نێوان مانچستەر سیتی و لیۆن یاریدەکەن.