به‌ریتانیا وفه‌ڕه‌نسا وئه‌ڵمانیا جه‌ختیانكرده‌‌وه‌ له‌پێویستى رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی

  • 14-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    وەزیری دەرەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا و وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد رۆڵیان لە وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق هەبێت.
     وەزارەتی دەرەوە له‌ راگەیه‌ندراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویکردەوە "فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە بە جیا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەک لە جان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەیمس کلیفرلی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کردووە.
    بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا باسی لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق کردووە و تێیدا هاتووە، "دوایینیان دەستدرێژیی تورکیا بوو کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو ئەفسەر و سەربازێکی سوپای عێراق".
    لە پەیوەندییەکاندا فوئاد حوسێن پێشێلکردنی سەروەریی عێراقی لەلایەن تورکیاوە رەتکردووەتەوە. هەروەها سەرکۆنەی دوایین دەستدرێژی کردووە کە کراوەتە سەر ناوچەی سیدەکان لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان. هەروەها داوای کردووە حکومەتەکانیان رۆڵی کارایان بۆ وەستاندنی دەستدرێژییە دووبارەکانی تورکیا و کشاندنەوەی ئەو هێزانەی کە هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە هەبێ.
    راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە باسی ئەوەش دەکات کە وەزیرانی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا لە پەیوەندییەکاندا سەرەخۆشییان لە حکومەتی عێراق کردووە بەهۆی قوربانییەکانی ئەو هێرشەوە و دەڵێت، "جەختیشیان کردووەتەوە کە وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق هاوسۆزن و ئەو دەستدرێژییەیان شەرمەزارکردووە. بە پێویستیشیان زانیوە رێز لە بنەماکانی دراوسێیەتی بگیرێت لەگەڵ ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییانەی کە پەیوەندیی نێوان وڵاتان رێکدەخەن و رێزیش لە سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی بگیرێت".