ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی تورکیاى بۆ سەر خاكى عيَراق کرد

ئەمنی
  • 12-08-2020, 00:00
  • +A -A

      به‌غدا-اه‌ع

     
    ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی تورکیاى بۆ سەر خاكى عێراق کرد و ڕایگەیاند، هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەرلە پێناو پاراستنی سەروەری خاکی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیانی عێراق.  
    ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ی ئابی 2020) ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،  ئاماژەی بەوەکرد، "بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنەکە بەڕێوەچووە و تیایدا ژمارەیەک ئەجندا خرانە ڕوو و گفتوگۆیان لەسەر کرا".  
    لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە و شەهیدکردنی فەرماندە سەربازییەکان پێشێلکارییەکی حاشاهەڵنەگرە بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکان وهەڕەشەیەکی گەورەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە".  
    ئەوەش هاتووە، "عێراق هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و  سەلامەتی هاووڵاتیانی، فشاری دیبلۆماسیش یەکێکە لە بژاردەکان ".  
    ئاماژە بەوەشکراوە،"وەک کاردانەوەیەک لەسەرهێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا دوێنێ (سێشەممە) بۆ سەر کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە ناوچە سیدەکان، حکومەت بڕیاریدا سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندێکی تورکی دیکە بۆ عێراق هەڵوەشێنێتەوە".  
    ڕاگەیاندراوەکە جەختیلەوەشکردوەتەوە، "حکومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک پابەندی پێوەرەکانی دراوسێ دۆستیە و دژ بە دەستوەردانە لەکاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بەهێچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکەکەی ببێت بە ڕێڕەوێک بۆ سەرهێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیا".  
    ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی تەواوی بۆ  دۆخی ئەمنیی سەرتاپای عێراق کردووە وداواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ئاسایشی خۆپیشاندانەکان و خۆپیشاندەران بپارێزن و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی گردبوونەوە پێشێل نەکەن".