په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی به‌توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ‌خاكی عێراق ده‌كات

الأربعاء 12 آب 2020 - 11:17

په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی به‌توندى سه‌ركۆنه‌ى ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ‌خاكی عێراق ده‌كات

 به‌غدا-اه‌ع

 
مه‌شعه‌ل بن فه‌هم سه‌لمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی سه‌ركۆنه‌ى بۆردومانه‌كانی توركیا له‌ناوچه‌ی سیده‌كانی سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ولێر له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ ده‌كات و داواش له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، ده‌ست به‌جموجوڵه‌كانیان بكه‌ن بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌.
سه‌لمى لە ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، رایگه‌یاندوه‌، "كاری تێكده‌رانه‌ و پێشێلكاریه‌ سه‌ربازیانەی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خاكی عێراق ده‌كرێن دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق دروستكردوه‌ و پێشێلكاری رونی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌، هه‌روه‌ها سه‌رپێچیه‌كی رونی بڕیاره‌كانی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و رێزنه‌گرتنه‌ له‌په‌یوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی".
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانیشی كردوه‌ و رونیکردەوە، په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌وه‌ستێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیه‌كانی و پشتگیریش بۆ رێكارێكیش ده‌رده‌بڕێت، كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بیگرێته‌به‌ر بۆ به‌رگریكردن له‌خاك و سه‌روه‌ری ولاته‌كه‌ی، كۆمكاری عه‌ره‌بی ئاماده‌یه‌ كاربكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی به‌مه‌به‌ستی راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی داواشی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردوه‌، ده‌ست به‌جموجوڵی به‌په‌له‌ و خێرا بكات بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی ناوچه‌كه‌.