كازمى بۆ هاوتا لوبنانییه‌كه‌ى: عێراق له‌م ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌ له‌گه‌ڵ لوبنان ده‌بێت

الأربعاء 05 آب 2020 - 02:06

كازمى بۆ هاوتا لوبنانییه‌كه‌ى: عێراق له‌م ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌ له‌گه‌ڵ لوبنان ده‌بێت

 به‌غدا-اه‌ع

 
مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران،ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌ عێراق له‌م ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌ له‌گه‌ڵ لوبنان ده‌بێت،ئاماژه‌یشى دا حكومه‌ت بڕیارى داوه‌ فڕۆکەیەک هاوکاری لە تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری و پێداویستیی پزیشکی ڕەوانەی لوبنان بكات. 
نوسێنگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سەرۆکوەزیران له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌ بڵاویكرده‌وه‌، مستەفا کازمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی لوبنان، حەسان دیاب، پاڵپشتی و هەوخەمی عێراقی بۆ گەل و حکومەتی لوبنانی ڕاگەیاند،به‌هۆى ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌ له‌به‌نده‌رى شارى به‌یروت ڕوویدا".
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ هاوتا لوبنانییه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌"حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە فڕۆکەیەک هاوکاریی پزیشکی و پێداویستیی فریاگوزاری، هەروەها تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری ڕەوانەی لوبنان بکات".
كازمى نزاى بۆ قوربانیانى ڕووداوه‌كه‌ كرد وهیواى دڵنه‌وایی بۆ كه‌سوكاریان خواست وبه‌زووى چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران وخواى گه‌وره‌ لوبنان وسه‌رجه‌م وڵاتانى دۆست وبرا له‌هه‌موو مه‌ترسى وبه‌ڵایه‌ك دووربخاته‌وه‌".
لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى لوبنان سوپاسى كازمى كرد وهه‌ڵوێستى عێراقى به‌رزنرخاند كه‌هه‌میشه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى لوبنان وگه‌له‌كه‌یه‌تى وهه‌روه‌ها جه‌ختیشى كرده‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندى مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات.
جێى ئاماژه‌پێكردنه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێشووتر ڕێنمایی دابوو به‌ڕه‌وانه‌كردنى تیمێكى پزیشكى وهاوكارى پزیشكى بۆ لوبنان.