وته‌بێژى كازمى : سه‌رۆك وه‌زیران ڕێنمایی داوه‌ کۆبونەوەیەکی تایبه‌ت سازبكرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن

الثلاثاء 04 آب 2020 - 15:32

 وته‌بێژى كازمى : سه‌رۆك وه‌زیران ڕێنمایی داوه‌ کۆبونەوەیەکی تایبه‌ت سازبكرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن

به‌غدا-اه‌ع

 
ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بڕیاری دەستبەکاربونی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق هەڵوەشێندرایەوە و داواش لە وەزیرەکان کراوە سامانی خۆیان بۆ دەستەی نەزاهە ئاشکرابکەن، هەروەها پڕۆژەیاسای توندتیژی خێزانی پەسەندکراو و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران ئامادەکاری بۆ بۆنە ئاینییەکانی مانگی موحەڕەم بکەن
ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ییدا كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بووه‌، رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا کە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەڕێوەچو جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی "سوکایەتی بە هاوڵاتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە" رەفتارێکی تاکەکەسی بوە نەک دامەزراوەیی، هەروەها پرسی دواکەوتنی گەشتێکی هێڵی ئاسمانی عێراق بۆ لوبنان بوەتە جێگەی نیگەرانی سەرۆک وەزیران و لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق رەوانەی دادگا دەکرێت بۆ لێپرسینەوە.
باسی لەوەشکردوە، دیاریکردنی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق کە کەسێکی نزیکی وەزیری گواستنەوەیە لە 26ی تەمموزدا، پێچەوانەی رێکارە یاساییەکانە و بڕیادرا بە دورخستنەوەی ئەو بەرپرسە لە پۆستەکەی.
وتەبێژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، کازمی داوای لە وەزیرەکان کردوە سامانی خۆیان بۆ دەستەی نەزاهە ئاشکرابکەن و کۆبونەوەیەکی دیکەی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن سازدەکرێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەت پڕۆژەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، هەروەها داوا لە وەزارەتەکان کراوە ئامادەکاری تەواوی بۆ بۆنە ئاینییەکانی مانگی موحەڕەم بکەن.