بەرشەلۆنە بە دۆڕاندنەوە نازناوى خولى ئیسپانیاى لەدەستدا

  • 16-07-2020, 00:00
  • +A -A

     چاودێرى-اه‌ع

     
    لە خولى ئیسپانیا، بەرشەلۆنە بە گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ بە ئۆساسۆنا دۆڕا و بۆ شەشەم جار لەم وەرزەى خولەکەدا توشى شکست بوو.
    لە هەفتەى ٣٧ و پێش کۆتایى خولى پلە یەکى تۆپى پێى ئیسپانیا، بەرشەلۆنە لە یاریگاى کامپ نۆى تایبەت بەخۆى، بەرامبەر ئۆساسۆنا یاریکرد.
    بەرشەلۆنە بە گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەى دۆڕاند و تاکە گۆڵەکەشى لیۆنێل میسى بە لێدانى ڕاستەوخۆ لە خولەکەى ٦٢دا تۆماریکرد، دوو گۆڵەکەى ئۆساسۆناش لە خولەکەکانى ١٦ و ٩٤دا لەلایەن خۆسى ئەرناێز و ڕۆبێرتۆ تۆرێسەوە تۆمارکران.
    ئەمە لە کاتێکدا ئۆساسۆنا لە خولەکى ٧٧ەوە بە ١٠ یاریزانەوە یارى دەکرد، دواى ئەوەى ئینریک گاێغۆى یاریزانى کارتى سورى وەرگرت.
    بەم ئەنجامە، بەرشەلۆنە نازناوى خولەکەى لەدەستدا و بە ٧٩ خاڵ لە پلەى دووەمى ڕیزبەندى خولەکەدایە و بە جیاوازى حەوت خاڵ لە دواى ڕیاڵ مەدریدى پێشەنگەوەیە، کە ئەم بە بردنەوەى لە ڤیاڕیاڵ نازناوەکەى مسۆگەرکرد، ئۆساسۆناش بە ٥١ خاڵ لە پلەى ١١دایە.