لیژنه‌ی باڵا بڕیاردا له‌دوای جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ژێر مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ڵبگیرێت

الخميس 16 تموز 2020 - 16:13

 لیژنه‌ی باڵا بڕیاردا له‌دوای جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ژێر مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ڵبگیرێت

 به‌غدا-اه‌ع

 
لیژنه‌ی باڵای سه‌لامه‌تی و نیشتمانی،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ژماره‌یه‌ك رێنمایی نوێی به‌مه‌به‌ستی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد و رایگه‌یاند، له‌ ژێر چاودێری و رێنمایی ته‌ندروستیدا، له‌ 23ی ئه‌م مانگه‌وه‌ گه‌شته‌ ئاسمانیه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان دەستپێدەکەنەوە.
به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكى لیژنه‌ی باڵای سه‌لامه‌تی و نیشتمانی كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،، له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ له‌دوای جه‌ژنی قوربانه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ژێر مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ڵبگیرێت و ته‌نها له‌كاتژمێر 9:30 خوله‌كی شه‌و تا 7:00ی به‌یانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌بێت، كاته‌كانی دیكه‌ش ئاسایی ده‌بێت، هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی رێنماییه‌كاندا، مۆڵ و بازاڕه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.
ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنه‌ی باڵای سه‌لامه‌تی و نیشتمانی بڕیاریداوه‌ له ‌دوای 23ی ته‌موزی 2020ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پابه‌ندبون به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی سه‌رجه‌م فڕۆكه‌خانه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی مونزڕیه‌، سه‌فوان و شیب به‌روی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بكرێنه‌وه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان داوا له ‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌كات، هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری بۆ پابه‌ندبونی هاوڵاتیان به‌رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌ستپێبكه‌ن.