سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌گرنگى پاڵپشتى كردنى سه‌روه‌رى عێراق وڕاگرتنى پێشێلكارییه‌كانى توركیا

الأربعاء 08 تموز 2020 - 17:58

سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌گرنگى پاڵپشتى كردنى سه‌روه‌رى عێراق وڕاگرتنى پێشێلكارییه‌كانى توركیا

 به‌غدا-اه‌ع

 
دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ چوارشەممە،جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌گرنگى پشتیوانیكردنى سه‌روه‌رى عێراق وراگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا .
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌"سەرۆک به‌رهه‌م لەگه‌ڵ ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی.گفتوگۆیکرد لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بونیادنەر لە تەواوی بوارەکان، بەجۆرێک زامنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش بکات.
هه‌ر به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ سەرۆک کۆمار لە دیدارەکەدا  جەختیکردەوە کە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری پرۆژەیەکی نیشتیمانییە کە ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی عێراق دەپارێزێت، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق کۆڵەکەییەکی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتی لەوە کردەوە کە عێراق دەوڵەتێکی خاوەن کاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیھان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەرنەدەنە کاروباری ناوخۆیی لە پێناو بونیادنانی پەیوەندییەکی بەھێز لەسەر لێکگەشتنی هاوبەش. 
 لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی پشتیوانیکردنی کاروانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، بەجۆرێک ببێتەمایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچەکە، سەرۆک بەرھەم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ناکرێت عێراق ببێتە بەشێک لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
ھاوکات ئەوەشی وت عێراق پەرۆشی سەنگی پێگەکەیەتی لە ناوچەکەدا لە سۆنگەی مێژووی و دێرینی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، کاری جددیش دەکات بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئارام بێتە کایەوە کە بەرژوەندی و ئامانجی هاوبەش بەیەکەوە گرێ بدات، کە لەو رێگەیەوە پێشکەوتن و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی ئابووری بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە بێتەکایەوە.
سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لە پێویستی راگرتنی پێشلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، کە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی ناوچەکە، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی کرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر  پێشلکارییە بەردەوامەکانی تورکیا و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە عێراق دا. 
سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر ئەوەی کە پێویستە کار و هەماهەنگی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە سنوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هەماهەنگی هاوبەش.
لە لای خۆیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی عێراق دووپاتکردەوە لە بارەی پارێزگاریکردن لە سەروەری و خاکەکەی بەرامبەر بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، دووپاتیشیان کردەوە لەسووربوونی وڵاتەکانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگیەکانیان و لە بارەی چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش ووتوێژ كرا.