وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم: ‌11ی ئه‌م مانگه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ده‌ستپێده‌كات

السبت 04 تموز 2020 - 14:31

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم: ‌11ی ئه‌م مانگه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی پۆلی 12ی ئاماده‌یی ده‌ستپێده‌كات

 هه‌ولێر-اه‌ع-سۆما جاف

 
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، 11ی ئه‌م مانگه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی 12ی ئاماده‌یی به‌هه‌مو به‌شه‌كانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و ئه‌و قوتابیانه‌ش توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن 1-9-2020 تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
ئالان حه‌مه‌ ‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ئاماده‌ى بوو،رایگه‌یاند، "رۆژانی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی دو كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا له‌ نێوان لیژنه‌ی هه‌مانگیكاری وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیاره‌كان تایبه‌ت به‌ تاوتوێیكردنی به‌ڕێوه‌چونی ره‌وشی تاقیكردنه‌وه‌ی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی، دوای پێشه‌كه‌شكردنی هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی ته‌ندروستی 11-7-2020 یه‌كه‌م رۆژی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌ بۆ قۆناغی 12ی ئاماده‌یی به‌هه‌مو به‌شه‌كانیه‌وه‌".
وتیشی: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردوه‌ كه‌ خوێندكاران له‌ كه‌شێكی ئارامدا تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و داوا له‌دایكان و باوكان ده‌كه‌ین له‌ئێمه‌ زیاتر هاوكاری خوێندكاره‌كانیان بن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌سوپاسه‌وه‌ داوامان له‌چه‌ند زانكۆیه‌ك كردوه‌ كه‌ هۆڵه‌كانیان بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان به‌كاربهێنین و ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندییان نیشانداوه‌و بۆ خۆپارێزی زیاتر به‌شێك له‌خوێندكاران له‌و هۆڵانه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هه‌ر خوێندكارێك له‌كاتی تاقیكرنه‌وه‌كان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، هه‌روه‌ها ناوی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ك توشبوو تۆمار كرابوو، له‌ 1-9-2020 ده‌توانێت تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجامبدات، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌شدا هه‌ر ته‌ندروستی باش نه‌بوو خولێكی تایبه‌تیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌و كاته‌دا وه‌ك مافێكی خۆیان ده‌توانن تاقیكرنه‌وه‌كان ئه‌نجامبدات.