وەزیری نەوت پێشبینى ده‌كات نرخی نەوت تاکو کۆتایی ئەمساڵ بەنزمی دەمێنێتەوە

  • 1-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    سامر غەزبان،وەزیری نەوت، ئه‌مڕۆ هەینی، وتی کە نرخی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەروا بە نزمی دەمێنێتەوە.
    سامر غەزبان به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) ڕایگەیاندووە کە "وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی هاوپەیمانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە ڕێککەوتوون لەسەر بەرنامەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەی لانیکەم 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستپێدەکات بۆ ماوەی دوو مانگ، هەروەها لە شەش مانگی دواتریشدا ڕێژەکە دادەبەزێت بۆ 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و دواتریش بۆ ماوەی ساڵێک و چوار مانگی دیکە ڕێژەکە دادەبەزێت بۆ 6 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا".
    وەزیرى نەوت وتیشی، "ئەم کەمکردنەوانە بەهۆی ئەوەیە کە وڵاتانی پیشەسازی و کۆمپانیا بازرگانییەکان نەوتیان بە نرخێکی هەرزان کڕیوە و یەدەگیان کردووە و لەئێستادا ئاستی یەدەگیان زۆر بەرزە و پێشتر شتی وا ڕووی نەداوە، ئەمەش کاریگەریی گەورە لەسەر نرخ دادەنێت".
    سەبارەت بە پلانەکانی وەزارەتی نەوت و پابەندییەکانی عێراق بە ڕێککەوتنی ئۆپێک+ وتووشیەتی "عێراق پابەندە و بێگومان بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لێکدژە لەگەڵ پلانەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی ڕێژەی هەناردەی نەوت، لەکاتێکدا پرۆژەی وەزارەت خۆی هەیە، لەگەڵ ژمارەیەک دەرچەی هەناردە و زیادکردنی توانای هەناردە بۆ کەنداو".
    وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە کە "لەئێستادا ئەو بڕە گرنگ نییە کە دەینێرینە بازاڕەکان یاخود بەرهەمی دەهێنین، بەڵکو ئەوەی گرنگە نرخی ئەو نەوتەیە کە هەناردەی دەکەین".
    غەزبان،وتیشی کە "هەر زیادکردنێکی ئاستی هەناردە یاخود بەرهەمهێنان لەم بارودۆخەدا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی"، دووپاتیشی کردووە کە "چەندان توێژینەوەی چڕوپڕی دامەزراوە جیهانییەکان هەن کە ئاماژەن بۆ ئەوەی بەردەوامیی جەنگی نرخی نەوت بازاڕەکان نوقمی بەرهەمهێنان دەکات و ململانێش لەسەر پشکەکان دەبێتە هۆی دابەزینی نرخ، کە ڕەنگە نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە 10 دۆلار یان کەمتر".