عه‌بدولمه‌هدى له‌باره‌ى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ته‌وه‌ نامه‌یه‌كى كراوه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كات

  • 21-04-2020, 00:00
  • +A -A

     

     
    به‌غدا-اه‌ع
    ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ده‌قى نامه‌ كراوه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك كۆمار وسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وپه‌رله‌مانتارانى كردووه‌ له‌باره‌ى دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت.
    ئه‌مه‌یش ده‌قى نامه‌كه‌یه‌:
     
    بەڕێز سەرۆک کۆمار
    بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، بەڕێزان جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان
    سڵاوی خوای بەخشندەو میھرەبانتان لێبێت
    ٢٩/١١/٢٠١٩ دەستم لەکار کێشایەوە، وا لە کۆتایی نیسانی ٢٠٢٠ نزیک دەبینەوەو ھێشتا حکومەت پێکنەھێنراوە. برایان عەلاوی و زورفی راسپێردران و سەرکەوتوو نەبوون, بەم دواییانەش برامان کازمی راسپێردراو بڕیارە بەر لە ٩ی ٸایاری داھاتوو حکومەت پێکبهێنێت.
    ھۆکاری ٸەمانەش بریتین لە پێشێلکاری دەستووری یاخود کەم و کورتی مەترسیدار لەجێبەجیێکردنی دەستوور و نەریتە سیاسیەکاندا یانیش گرفتێک لەچەمک و ڕەفتارە باوەکانی لایەنەکان یاخود دژ بەیەکی کۆمەڵایەتی یان ھاوسەنگی ھەرێمی و نێودەوڵەتی کە فشار دروست دەکەن. پێدەچیت ھەموو ٸەوانەش پێکەوەبن. ھەموو ھەوڵێکمان خستەگەڕ بۆ پشتیوانیکردن سەرخستنی ھەردوو کاندیدی پێشوو چونکە دەمانزانی مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە مەترسیدارە بەو پێیەی حکومەتی کاربەڕێکەر و سەرۆک وەزیرانێکی دەست لەکارکێشاوە لەم قۆناغە ٸاڵۆزەدا خراپترین بژاردەن. بۆیە ٸەم نامەیە ٸاراستەی ھەموو خوشکان و برایان دەکەم و ٸاگاداریان دەکەمەوە کە ڕەنگە ٸەمە دوادەرفەت بێت بۆ بەرگرتن لەگەیشتنە بنبەست.
    دەزانم سەرکردەو کاربەدەستەکان ٸازان بەگیان و ژیانی خۆیان قوربانیان داوە بۆیە قورسە تێبگەین بۆچی قوربانی بەبۆچوون و بەرژەوەندییەکانیان نادەن لەم قەیرانەی ھەڕەشە لە وڵات دەکات. پێم وایە ھەندێک بۆچوونی ھەڵە ھەن کە چارەسەر نەکرێن ٸەوا بەردەوام لە گێژاودا دەمێنینەوە.
     
    ۱ـ چەمکی وەزیری سەربەخۆ ڕاستیەکی ڕەها نییە بەڵکو ڕێوشوێنێکی کاتییە واقعی تاکڕەوی هێزە سیاسیەکان لەحکومەتە یەک بەیەکەکاندا کردویەتی بە پێویستی ، هەروەها نادادپەروەری یاسای هەڵبژاردن و یاسای حزبەکان کەدژی ویستی دەنگدەران ئەوەش بوەهۆی ئەوەی لەدایکبوونی پشکپشکێنەو قۆڕخکاری دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوەدەڕەنجامی هەموو ئەوانەش داواکرا کەسانی سەربەخۆ بکرێن بە وەزیر.
     
    ۲ـ زۆرێک لە لایەنەکان مافی خۆیانە بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردن داوای وەزارەتی دیاریکراو بکەن پاساوەکەشیان ئەوەیە کە لەوڵاتانی تردا بەم شێوەیەیە بەڵام پێمان وایە ئەم بەراورد کارییە هەڵەیە. چونکە لەو وڵاتانە حکومەتی زۆرینە بەیەک حزب یاخوود ئیتلافی چەند حزبێکەوە دەبێت. هەروەها لەو وڵاتانەدا دیموکراسیەکی تەواو هەیە وا دەکات حزب وەک جەماوەرەکەی بژێت و جەماوەریش ژیانی حزبەکان ئەزموون بکەن، جەماوەر لەچەندین کەناڵی جیاوازەوە بەژدار دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرکردەکانی حزب، بەڵام ئێمە هێشتا نەگەشتووین بەوە چونکە دابڕانی نێوان جەماوەر و ڕێکخستنەکان تادێت فراوانتر دەبێت، دەبێت چارەسەرێکی جدی. سەرباری هەندێ بەرەو پێشچوون کە لەدواین هەڵبژاردندا بە دەستمان هێناوە هێشتا بەتەواوەتی لەسەر سیستمێکی گونجاو جێگیر نەبووین کە زۆرینەی سیاسی بەدی بهێنێت و نەیارەکەشی کەمینەی سیاسی یاخود ئۆپۆزسیۆن بێت، هەروەها دادپەروەرانە هاوسەنگی نیشتمانیەکان بپارێزێت بۆ ئەوەی چەمکی هاوڵاتی بوون سەربخات. بەژداری کردنی هەموو براوەکان لەحکومەتدا کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی شێواند، چونکە هەندێک فراکسیۆنی گەورە پشتیوانی حکومەت دەکات بەشێکیشیان لەدژین، هەروەها بونی ململانێی تاکلایەنەو بەکۆمەڵ لەسەر سەرچاوەکانی دەسەڵات و هێز لەوڵاتدا، لەگەڵ لەناوبردنی چەمکی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، تەنانەت بوەهۆی دروستبوونی ئەو حکومەتانەی لە ئەنجومەنی وەزیراندا ململانێیان تێدەکەوێت. هەموو ئەوانەش وایانکرد وڵات یەکێتی ئەو فەلسەفەیە لەدەست بدات کە کارەکانی ڕێکدەخات و یارمەتی دەسەڵاتەکانی دەدات بۆ سەرکردایەتی کردن وبەڕێوبردنی وڵات.
     
    ‌۳ـ ئەوەی کە هەندێک لایەن داوای وەزارەتێکی دیاریکراو دەکەن هیچ ڕەوا نییە. چونکە گەر پلانێکی وەزارەتەکە هەبێت ئەوا پێچەوانەی کارنامەی حکومەتە بۆیە بێگوومان داواکردنی وەزارەتەکە تەنها بۆ سودمەندبونی لایەنەکەیە نەک سوود گەیاندن لەچوار چێوەی کارنامەیەکی یەکگرتووی حکومەتدا.
     
    ٤ـ لەم باردۆخەی ئێمەدا ناتوانرێت حزبەکان بەتەواوەتی لەپۆستەکان دوور بخرێنەوە. هەروەها ناشکرێت ئەو مافە لە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردارو بسەنرێتەوە لە هەڵبژاردنی وەزیرەکان و قبوڵکردن و ڕەتکردنەوەیاندا، چونکە ئەوە لایەنەکانن کە لە پەرلەماندا دەنگی پێ دەدەن، ئەوەشی کە بەرپرسیاریەتیە گەورەکەی دەکەوێتە ئەستۆ سەرۆک وەزیرانە. بۆیە دەبێت بگەین بە ڕێککەوتنێکی مامناوەند بۆ ئەوەی بۆچونی حزبەکان وەربگیرێت لە کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی وەزیر کە مەرجە نیشتمانیەکانی تێدابێت، لەبەرامبەریشدا لە هەڵبژاردنی وەزیرەکاندا ڕێگە بدرێت بە سەرۆک وەزیران بڕیاری کۆتایی بدات، بەتایبەت مادام بڕیاری کۆتایی دواجار لەلای پەرلەمان دەبێت کە بەبەڵێ یاخود نەخێر دەنگ بە وەزیرەکە بدات. ڕاستە دۆخەکە نموونەیی نییە، بەڵام گەر ڕێوشوێنی پێشوەختەمان گرتەبەر بۆ ئەگەری شکستهێنان، هەمووانیش نەرمیمان نواند ئەوا دەتوانین بگەین بە چارەسەرێکی مامناوەند. بۆیە گەر سێیەم هەوڵی پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو نەبوو، ئایە کەس پێشبینی دەکات هەوڵەکانی چوارەم و پێنجەم سەرکەوتوو بن؟ بەتایبەتی کە دەستلەکارکێشانەوەیەکی من بەتەنگەوەچوونی بانگەوازی مەرجەعیەت و هێزە جەماوەرییەکان بوو لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی وڵات پێی گەیشتووە. چونکە ئامانجەکە گۆڕینی کەسەکان نەبوو، بەڵکو گۆڕینی هاوکێشەکان بوو. بۆیە بەردەوامبوونی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەیدا واتە مانەوەی هاوکێشەکانی پێشووتر و ئەوەش بەرەو بەستەڵەک و بنبەستمان دەبات، هەربۆیەش ناتوانین لەوە زیاتر بەردەوام بین. وەڵامی من نەخێر بوو بۆ هەموو ئەو لایەنە سەرەکی و کاریگەرانەی پێداگیرییان دەکرد کە بگەڕێمەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەتایبەت کە هێشتا پەرلەمان دەنگی بە دەستلەکارکێشانەوەکەم نەداوە. قایل نەبوونیشم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هاوکێشەی حکومەتەکەم چیتر توانای بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتی بەشێوەیەکی دروست نییە. پێشموایە لەم بارودۆخەی ئێستاماندا هەرچ حکومەتێک پێکبهێندرێت دەبێت ئەم دوو پرسە بەدیبهێنێت:
    ١- سازانی نیشتمانی یاخود زۆرینەیەک بتوانێت پشتیوانی حکومەت بکات.ئەوەش ئەو شتەیە کە ئەم حکومەتە نەیبوو ئەگەر چی لەڕووی تیۆریەوە هەبووبێت. ئەوەشی کە لەسەرەوە سەبارەت بە حکومەت وپەرلەمان و فراکسیۆنەکان خستومانەتە ڕوو بەسەو بۆ هەمووان ڕوونە.
    ۲ـ تێکچوونی هاوسەنگی نێودەوڵەتی وهەرێمی لەعێراق کەمەرج نیە بەهۆی هەڵەیەکی ئێمەوە بووبێت، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی تووند ڕەوانەوە بووت کە هەندێ لایەن سەپاندوویانە، کە هیچ حکومەتێکی نیشتمانی عێراقی ناتوانێت لەگەڵیدا هەڵبکات. چونکە کاتێک هاوێڕێیەتی لایەنێک بەمەرجی دوژمنایەتی کردنی لایەنێکی تری هاوڕێ دەبێت، ئەوا عێراق بەپێی ئەزموونە نیشتمانیەکانی ئێمە کەم بەدەست دەهێنێت و زۆرتر لەدەست دەدات.
    لەنامەکەمدا لە 2/3/2020 داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایم کرد بۆ یەکلای کردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان وبازنەکان وکۆمسیۆن ودیاری کردنی 4/12/2020 وەک دواین وادە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام بەدەم داواکەمەوە نەهاتن وەک ئەوەی بیانەوێت قەیرانەکە بەردەوام ببێت. بەجۆرێک نە لەسەر حکومەتێکی نوێ ڕێکدەکەوتن، نەوادەیەکیشیان بۆ کۆتایی هاتنی قەیرانەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە دیاری دەکرد. دەرەنجامی ئەوەش وایپێویست دەکرد حکومەتی کاربەڕێکەر بەردەوام ببێت وهەموو بەرپرسیاریەتییە قورس وئاڵۆزیەکانیان خستە ئەستۆی کە ئەوەش نەدەتوانرا بەردەوامی پێ بدرێت. بۆیە داوا لەهەمووان دەکەین نەرمی پێویست بنوێنن و بگەن بە چارەسەری گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە بتوانێت هەڵبژاردن بەڕێوە ببات ودەسەڵاتی تەواوی هەبێت بۆ بەڕێوە بردنی قەیرانەکای، بەتایبەت لەنێو ئەو پەرەسەندنە زۆرانەی کە تەنانەت وایکردوە وڵاتە زلهێزەکانیش نیگەرانی دەهاتوویان ببن، وەک داڕوخانی ئابووریەکانی جیهان و نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا و بەردەوام بوونی تیرۆر وپرسە ئاڵۆزەکانی تر. جارێکی تریش جەخت دەکەمەوە من هەڵوێستی گونجاو یەکلا کەرەوە وەردەگرم بەرمەبنای ئەو دەرئەنجامانەی ئێوە لەماوەی چەن ڕۆژی کەمی داهاتوودا پێیان دەگەن. هیوای سەرکەوتنی تەواوتان بۆ دەخوازم و سڵاو ومیهرو بەخششی خواتان لێبێت.
    عادل  عه‌بدولمه‌هدى
    سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران