بارزانى هۆشدارى دا له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى جموجۆڵى داعش وپشتیوانى هه‌ولێریشى بۆ كازمى ڕاگه‌یاند

  • 20-04-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەکەیان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا. لەسەرەتادا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا بە سەرکەوتوو ناوبرد و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان و هاوڵاتیانى کرد.
    نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بە گرژییەکان کرد و دڵنیایی دا کە کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن و گوتیشی، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێنەوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکان.
    نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای قسەکانیدا وتی: "دەستخۆشی لە هەموو ئەو رێکارانە دەکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی کۆرۆنا جێبەجێیکردووە کە پرسێکی جیهانییە، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستان یان عێراقەوە نییە و لە جیهان هەموو شوێنەکانی گرتووەتەوەحکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە دەستپێکردنی ئەم دۆخە رێکاری زۆر خێرای بە ئەنجام گەیاند، ئەو رێکارانەش هەمووی یەک مەبەستی هەبوو ئەویش پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێ".
    سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی خۆی و دەستەی سەرۆکایەتی دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و هەموو ئەوانە کرد کە بەشێوەیەکی گشتیی لەم پرۆسەیەدا "ئەوەی توانیویانە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان کردوویانە".
     
    نێچیرڤان بارزانی وتی: "هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێی رێز و پێزانینی تایبەتین کە لەم قۆناخە و لەدەستپێکردنی ئەم دۆخە، بەشێوەیەکی بەرفراوان رێنماییەکانیان جێبەجێکردووە، سوپاسی تایبەتیشم هەیە بۆ کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی. کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی پێشمەرگەی لەپێشەوە بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، شەو و رۆژ کار دەکەن بە وەزیر و بە ستافی وەزارەتیشەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
     
    لەبارەی ئەو بارگرانییەی کەوتووەتە سەر هاونیشتمانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: "من تێدەگەم لەوەی کە هەندێ خەڵک بژێوی ژیانی رۆژانەیان لەسەر ئەو بابەتەیە، تێدەگەم لەوەی کاسبکاران و خەڵک دەیانەوێ کار بکەن و ئێمەش پێمانخۆشە، بەڵام شتەکە لەوە گەورەترە. ئێستا حکومەتی هەرێم لەبەردەم ئەوەیە ئایا ئەو ئازیزانە لەدەست بدەین لەنەتیجەی کردنەوەی بازاڕ یان جارێ سەبرمان هەبێت و ئازیزەکانی خۆمان بپارێزین. بەدڵنیاییەوە جیهان شایەتی ئەوەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەباشی مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کردووە".
    سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی: "داعش ئەمڕۆ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق مەترسییەکی جدییە، لەهەموو شوێنەکان هەڵسەنگاندنمان هەیە لە دیالە تاوەکو دگاتە ناوچەی مەخموور و موسڵ و شوێنەکانی دیکە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان هەموو رۆژێک داعش جموجووڵی چەکداری زیادکردووە. لەم ماوەیەدا تەکلیفم لە کاک شێخ جەعفەر کرد سەردانی ئەو ناوچانە بکات، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە هەندێ رێکارمان باسکرد بۆ ئەوەی بتوانین هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ هاوپەیمانان قسەبکەین ئالیەتێک بدۆزینەوە کە بەڕاستی ئالیەتێکی هاوبەشی پێکەوە کارکردن بێت کە رێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە هەموو سنوورەکان".
    سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لە پاڵپشتیکردنی مستەفا کازمی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و رایگەیاند: "بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کازمی، بڕیاری هەموو هێزە سیاسییەکان بووە".
    راشیگەیاند: "بەمنزیکانە فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە دەکەونە دانوستاندن لەگەڵ کازمی".