جێگرى سه‌رۆك ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو

الأحد 19 نيسان 2020 - 09:14

جێگرى سه‌رۆك ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو

 

 
به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف
 
به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ،ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا خسته‌ڕوو.
حه‌داد له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا بۆ ئاڵۆگۆڕى بیروڕا وهه‌ماهه‌نگى زیاتر له‌نێوان هه‌رێم وحكومه‌تى فیدڕاڵى به‌تایبه‌ت له‌بواره‌كانى دارایی ووزه‌ وهه‌ندێ لایه‌نى ئابوورى په‌یوه‌ست نێوان به‌غدا وهه‌ولێر.
وتیشى،دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت وبڵابوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا واپێویست ده‌كات هه‌مووان له‌به‌غدا وهه‌رێم دانوستان وهه‌ماهه‌نگى بكه‌ن له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا،دووپاتیشیكرده‌وه‌ هه‌ر ئاسته‌نگییه‌ك ڕووبه‌رووى ئابوورى عێراق بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئابوورى هه‌رێمیش ده‌بێت.
ڕوونیشكرده‌وه‌،شاندى هه‌رێم چاوى به‌عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران وژماره‌یه‌ك وه‌زیرى په‌یوه‌ندیدار له‌حكومه‌تى كاربه‌رێكه‌ر ده‌كه‌وێت.
فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامدانى گه‌ڕێكى دانوستانه‌كانن له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو له‌باره‌ى دۆسییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان وپشكى كورد له‌كابینه‌ى نوێدا.
ئه‌شواق جاف كادرى پێشكه‌وتووى پارتى دیموكراتى كوردستان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه‌چاوه‌ڕوانى ده‌كرێت شاندێكى كوردى سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ تاوتوێ كردنى چه‌ند دۆسییه‌ك.
جاف به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"شانده‌كه‌ له‌میان دانوستانه‌كانى هه‌وڵده‌دات پرسى زیادكردنى وه‌زاره‌تێكى نوێ بۆ كورد بخاته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى كردن نێوان هه‌رێم وبه‌غدا له‌گه‌ڵ پرسى شایسته‌ ومافه‌كانى هه‌رێم وه‌كو قه‌واره‌یه‌كى ده‌ستوورى وئه‌و مافانه‌ ده‌بێت له‌كارنامه‌ى حكومه‌ت جێگیر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌قینه‌ جێ به‌جێ بكرێت".
ڕوونیشیكرده‌وه‌"هاوپه‌یمانى كوردستانى لارى نییه‌ له‌سه‌ر دووباره‌ كاندیدنه‌كردنه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى حكومه‌تى پێشوو بۆ كابینه‌كه‌ى كازمى به‌ڵام خۆى وه‌زیره‌كانى خۆى له‌حكومه‌ت دیارى ده‌كات".
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)دووپاتیكرده‌وه‌"كازمى تاوه‌كو ئێستا هیچ ناو وپاڵێوراوێكى كورد دیارى نه‌كردووه‌"،جه‌ختیشى كرده‌وه‌"ئه‌و لیژنه‌یه‌ى ڕاسپێردراوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوه‌كو ئێستا ناوى وه‌زیره‌كانى به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".
وتیشى"ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیران گه‌ڕێكى دانوستانه‌كان ده‌ستپێبكات له‌پێناو په‌له‌كردن له‌پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ى.
جێ ئاماژه‌پێكردنه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ڕاسپێردراو،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌،هه‌وڵ ده‌دات كابینه‌یه‌كى حكومى به‌توانا ده‌ستپاك پێكبهێنێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كان.
كازمى له‌تویتێكدا ڕایگه‌یاند"ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كابینه‌ى حكومى به‌توانا وده‌ستپاك بێت بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كان ووڵات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن وجێ به‌جێ كردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك ببات".
وتیشى"گفتوگۆكانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌كه‌شێكى دۆستانه‌ییدا وهه‌وڵیش ده‌ده‌ین سه‌رجه‌م ئاسته‌نگییه‌كان تێپه‌رێنین له‌سه‌ر بنه‌ماى گفتوگۆى ئه‌رێنى".