پەرلەمانی لوبنان متمانە بە حکومەتەکەی حەسان دیاب بەخشى

  • 11-02-2020, 00:00
  • +A -A

     

     
    چاودێرى-اه‌ع
     
    پاش هەشت کاژێر لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی لوبنان، بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی 63 پەرلەمانتار، متمانە بە حکومەتەکەی حەسان دیاب بەخشرا.
    سەرەڕای هەوڵی خۆپێشاندەران بۆ رێگریکردن لە متمانەدان بە حکومەتی نوێی لوبنان بە سەرۆکایەتیی حەسان دیاب، بەڵام لە کۆی 84 پەرلەمانتاری ئامادەبوو لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، 63 پەرلەمانتار بۆ متمانەدان بە حکومەتی نوێ دەنگیان دا.
    نەبیهـ بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان دوای متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەت، پیرۆزبایی لە پەرلەمانتاران کرد.
    ئەمڕۆ سێشەممە خۆپێشاندەرانی لوبنان چوونە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە و دژی متمانەدان بە حکومەتی نوێ دروشمیان دەگوتەوە، هاوکات پێکدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی لوبناندا دروستبوو.
    خۆپێشاندەران دەڵێن، حکومەت شکستیهێناوە لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و ناتوانێت وڵات لە قەیرانەکان رزگاربکات.
    خۆپێشاندانەکانی لوبنان لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی 2019وە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامییان هەیە، لە سەرەتا جێگای سەرنج بوو بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان بەشدارییان تێدا دەکرد؛ خۆپێشاندەران بە میوزیک و سەما خۆپێشاندانیان دژی گەندەڵی و قەیرانەکانی وڵاتەکەیان دەکرد.
    سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان لە 29-10-2019 بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.