وەزیری ناوخۆى هه‌رێم: له‌شكركێشى توركیا بۆ سه‌ر سووریا كۆتایى نه‌یه‌ت پێشبینی هاتنی 250 هەزار ئاوارە دەکەین بۆ هه‌رێم

الأحد 20 تشرين أول 2019 - 06:43

وەزیری ناوخۆى هه‌رێم: له‌شكركێشى توركیا بۆ سه‌ر سووریا كۆتایى نه‌یه‌ت پێشبینی هاتنی 250 هەزار ئاوارە دەکەین بۆ هه‌رێم

 هه‌ولێر-اه‌ع

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: ئەگەر ئەو بارودۆخەی كه‌ لە سووریا هەیە ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت ئه‌وا پێشبینی هاتنی نزیکەی 250 هەزار ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین و تاوەکو ئێستا نزیکەی 5 هەزار ئاوارە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لیژنەی باڵای وەزاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تایبەت بە پرسی ئاوارەکانی نێوخۆ و پەنابەران و دۆخی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامه‌وانى هاوبەشدا لەگەڵ مارتا رۆدیس، هەماهەنگکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: "وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان داوامان لە رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە بەردەوام بن لە گەیاندنی هاریكارى مرۆییمان بكه‌ن ، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین خزمەتگوزاری پێشکەش بەو خەڵکانە بکەین کە وەکو ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین".
بەپێی وته‌كانى وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەوان پێشبینی هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند : "ئەگەر بارودۆخەکە کاتی بێت و لە کاتێکی کەمدا کۆتایی بە کێشەکە بهێندرێت، پێشبینی هاتنی چەند هەزارێک دەکەین، بەڵام ئەگەر کێشەکە بەردەوام بێت لە قۆناخی یەکەم پێشبینی هاتنی 30 بۆ 50 هەزار کەس دەکەین، ئەگەر ماوەیەکی درێژتریش بخایەنێت پێشبینیمان ئەوەیە نزیکەی 250 هەزار ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان بکات".
هەر لە کۆنگرەیه‌  مارتا رۆدیس، هەماهەنگکاری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: "له‌ ئێستادا باکووری سووریا له‌ بارودۆخێکی خراپ ده‌ژیت ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بارودۆخی مرۆیی، لە ئەنجامیشدا ژمارەیەکی زۆری پەنابەر روو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، ئەو پەنابەرانەش پێویستیان بە هاوکاری هەیە، ئێمە لێرە پلانی هاوبەشمان هەیە چۆن بتوانین وەڵامی ئەو داواکارییەی پەنابەران بدەینەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، چوۆن بتوانین هه‌ماهه‌نگى بکەین لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە بۆ پێشكه‌ش كردنى خزمه‌تگوزارى به‌و په‌نابه‌رانه‌.