سەرۆک کۆمار: روانینی راستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژیی دژی ژنان پێویستە بە کردەوە ھەنگاوی جددی بۆ بنرێت

ناوخۆ
  • 25-12-2018, 00:00
  • +A -A

    بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح دووپاتیکردەوە: بیرکردنەوە و روانینی راستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژیی دژی ژنان پێویستی بە ھەنگاونانی جددی و یەکلایی کەرەوەیە بە جۆرێک کە پێگەی ژن لە ناو کۆمەڵدا بەھێز بکات.
    بەڕێز سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٥|١٢|٢٠١٨ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد لە کاتی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک ژنانی پەرلەمانتار و چالاکوان و راگەیاندنکار لە بواری بەگژاچوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، دووپاتیکردەوە "سەرخستنی ژنان و بە هێزبونیان لە گەیاندنی پەیامە پڕ بەھا و بە نرخەکەیان لە ناو کۆمەڵدا ئەرکێکی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتی سەرشانمانە".

    بەڕێزیان لە وتەکانیدا روونیکردەوە "بە درێژایی سەردەم و قۆناغەکانی رابردوو ژنان روبەڕووی چەوساندنەوە و بەشخوراویی بوونتەوە، ئێستا کاتی ھاتووە داکۆکییان لێ بکرێت و پارێزگارییان لێ بکرێت لە ھەموو جۆر و شێوازەکانی توندوتیژیی، هەروەها جیاوازیکردنی چینایەتی و کۆمەڵایەتییان نەمێنێت و رێزیان لێ بگیرێت، دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی بە راستی بەشداری بکەن لەگەڵ پیاواندا لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی رۆژانەدا و وەرگرتنی پۆست و لێپرسراویەتییدا، دەشبێت بەشداربن لە بڕیارەکانی ئیدارەی وڵاتدا.

    سەرۆک کۆمار لە وتەکانیدا داوایکرد، ئەو یاسا و رێسایانە دەربکرێن و پەسەند بکرێن کە پێویستە و دەبنە فاکتەری کارا کردنی رۆڵی ژنان لە وەرگرتنی پۆست و راپەراندنی ئەرکەکانیان، ھاوکات بەدیھێنانی تەواوی مافەکانیان زامن بکات.

    سەرۆک بەرھەم ساڵح لە بەشێکی تری وتەکانیدا قوربانیدانی ژنانی بەرزنرخاند کە لە خەبات و تێکۆشان و بەشداریکردنیان ھاوتای پیاوان پێشکەشیان کردووە لە بەرگرییکردن لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشی تاوانبار، کە ھەموو جیھان گەواھی دەدات بۆ ئەو قارەمانێتیەیان.

    ئەندامانی وەفدی ژنانیش لای خۆیانەوە لەگەڵ ستایشکردنی رۆڵی سەرۆک کۆمار لە بەرامبەر ئەو پشتگیرییانەی کە پێشکەشی ژنانی دەکات لە ھەموو بوارەکاندا و، بەشخوراویی خۆیان خستەروو کە رۆڵی گرنگیان پەراوێز دەخرێت و مافی خۆیان نادرێتێ کە دەستوور زامنی کردوە.