حەلبوسی چاوی بە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شانشینی عەرەبی سعودی دەكەوێت

  • 17-12-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغداد – ا ه ع
    محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ دووشەممە، لەچوار چێوەی سەردانە فەرمیەكەی بۆ عەربستانی سعودی چاوی كەوت بە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شانشینی عەرەبی سعودی.
    لە میانی دیدارەكەدا تاوتوێی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و رێگەكانی پتەوكردنی كرا بەو جۆرەی بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا دەپارێزێت، لەگەڵ دوا پێشهاتەكانی سەرگۆڕەپانی ناوخۆیی و ئیقلیمی.
    بەرێزیان ڕایگەیاند عێراق پەرۆشی پێشخستنی پەیوەندیەكانیەتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمی لەرێی هەماهەنگی هاوبەش لە سەرجەم ئاستەكان، بە تایبەت ئاستەكانی ئابوری و وەبەرهێنان، جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی وڵاتانی دۆست رۆڵ ببینن لە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بە تایبەت شانشینی عەرەبی سعودی بەو كۆمپانیا و شارەزاییانەی كە هەیانە كاریگەری دەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئەو شارانەی زەرەرمەندبوون لە تیرۆر یان ئەو ناوچانەی ژێرخانیان لاوازە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە.
    سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سوپاسی پادشای سعودیەی كرد لەبەرامبەر پێًشنیارەكەی بۆ حكومەت سەبارەت بە فراوانكردنی دەروازەی سنوری عەرعەر-ی نێوان هەر دوو وڵات و دروستكردنی یاریگایەكی وەرزشی لە بەغداد لەگەڵ تەرخانكردنی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كۆنگرەی كوەیتدا.
    تەئكیدیشی كردەوە لەسەر گرنگی كرانەوەی عێراق بەڕووی برا عەرەبەكانی و پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەمووان بەو جۆرەی خزمەت بە پرسی جێی بایەخی هاوبەش دەكات.
    بەرێزیان داواشی كرد هەماهەنگی هەبێت لە هەوڵە عەرەبییەكان بەمەبەستی تێپەڕاندنی ناكۆكی و كێشەكان لەرێی گفتوگۆی بنیاتنەر و دوركەوتنەوە لە ئاژاوە كە كاردانەوەی نێگەتیفی لەسەر ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە هەیە، هەڵوێستی عەرەبسانی سعودیشی بەرزنرخان لە پشتیوانیەكانی بۆ عێراق.
    لای خۆیەوە پادشای سعودیە پێشوازی لە سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سعودیە كرد، هیوای خۆشی نیشاندا لە قۆناغی داهاتوودا عێراق بگەرێتەوە بۆ پێگەی باڵای خۆی لە ناوچەكە، بە تایبەت دوای سەركەوتنەكانی بەسەر تیرۆر و بوارەكانی تردا، جەختیشی كردەوە لەسەر پشتیوانیەكانی حكومەتی سعودیە بۆ عێراق و گەلەكەی لەسەرجەم ئاستەكان.