کۆیلەی تەکنەلۆژی .. شاشەی گەردونیی مرۆڤی دوای هەقیقەت

السبت 01 أيلول 2018 - 17:21

کۆیلەی تەکنەلۆژی .. شاشەی گەردونیی مرۆڤی دوای هەقیقەت

نوری جەڕاح

و/ صباح کوردستان

جیهان لەساتی خەلەلێکی گەورەدایە، گومان لەمەدا نیە، ئەمەش هۆی زۆرە، هەندیکیان ئایدیۆلۆژیین؛ ئایدیۆلۆژیا دینێو زەمینییەکانی سەرفرازبوون سەرسمیان داوە، بەڵام وەک هەندێک بۆی دەچن، هێشتا نەمردوون. تا ئێستا تارماییەکانیان زەینەکان شلوێ دەکەن. چاوبرسێتی بازاڕە گەورەکان، ئابورییە جوگرافیاو کۆمەڵگا بەزێنەکان، هەژمونی لۆژیکی هێزی ئابوریی‌و سەربازیی (تا ئاستی شەقاوەیەتی) و زاڵبوونیان بەسەر هێزی ڕەوشت‌و مەیلە مرڤدۆستانەکان لەهزرو کارو پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان‌و لەناو کۆمەڵگا گەورەو بچووکەکاندا؛ هەموو ئەمانە هێزەکانی خراپەیان لەلۆژیکی هێزدا بەرهەڵدا کردووە، دەستیان دەگاتە ئەو ناوچانەش کە تا ئەم نزیکانە لە خراپەکارییەکانی بەدوور بوون.

ئەوەتاین لەسەر خاکی تەکنەلۆژیای ئەفسوناویی لە جیهانی دوای پیشەسازیدا، هەموو شت قابیلی گۆڕان‌و جیاوازبوونە، گۆڕان لە چاوتروکاندن خێراترە. ئێمە کە جارێک لەکتیبی "نەتەوەی عەرەب" و جارێکی تر لە "هەزارو یەکشەوە" هاتوینەتە دەرەوە، چۆن بیر لەخۆمان بکەینەوە؛ لەجیهانێکدا نەخشەکانی زۆر گۆڕاون، ئەو نیشانەو هێمایانەی لێ کەوتووە کە واماندەزانی نەمرن. لەسەر داروپەردووی ئەو نەخشەیە کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز لەدەرگای ئەقڵ دەدەن، باوەڕەکان لەق دەکەن، بگرە دەیانڕووخێنن وەک بڵێی دینێکی تازە بەڕێوەیەو کەس بەرەنگاریی بۆ ناکرێت.

ئەمە جیهانی پاش تەکنەلۆژیایە، پاش ڕاست‌و چەپ، خۆرەڵات‌و خۆراوا، بەڵکو پاش خودی هەقیقەتە. ئێمە لەساتی تەکنەلۆژیایەکداین کە بەرەو لوتکەی جیهانی ژوور جوگرافیا مل دەنێت، لەوێ چارەنوسی مرۆڤەکانی خۆرەڵات بەر چارەنوسی خۆراواییەکان دەکەوێت، هەسارەکەمان دەبێتە تۆپێکی گڕگرتوو کە لە خولگەی ناماقووڵدا بەرەو ئایندەیەکی نەزانراو دەسوڕێتەوە.

***

لەجیهانێکی ئاوادا، چۆن دەتوانین ململانێی مرۆیی بخوێنینەوە، لەکاتێکدا خودی هێزە بەگژیەکداچووەکان سروشتێکی ئاڵۆزو بەقووڵاچوویان بۆ دروست بووە. پێویستیی بە کەشفکردن‌و خوێندنەوە هەیە، بە زمان‌و زاراوەی نوێ تا پێناسەی بکەن. ئەگەر ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمە بێت: جیهان بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەوە پرسیاری جەوهەریتر بۆ ئێمە ئەوەیە: چۆن بیر لە ئێستاو ئایندەمان بکەینەوە، لەکاتێکدا خەریکین دەڕوانینە دروستبوون‌و خۆ دروستکردنەوەی مەتەلەکان لەسەر تابلۆی زەبەلاحی تەکنەلۆژیای جیهان؟ لەسەر ئەو شاشە گەردونییە، ئەوەی دەردەکەوێت‌و پەرش دەبێتەوە، بۆ ئەوەیە کە لەوێنەی نوێدا دەربکەوێتەوە. ئێستا هەسارەی زەوی لەناو شتە زۆر واقیعییەکاندا، بەدەست مەتەڵێکەوە گیری خواردووە کە بەهۆیەوە هەقیقەتی شتەکان داخراون و سروشتی مرۆیی فڕێدراوەتە ناو بۆشاییەکەوەو نیشانەکانی لێ بزر بووەو قورسایی‌و کێشی نەماوە. هەقیقەتەکان بوونەتە پارچەی وەهم لە کەلـلەی خەڵکانێکدا کە پڕێتی لە دێوەزمە.

***

جیهان لەساتی خەلەلێکی گەورەدایە، گومان لەمەدا نیە، ئەمەش هۆی زۆرە، هەندیکیان ئایدیۆلۆژیین؛ ئایدیۆلۆژیا دینێو زەمینییەکانی سەرفرازبوون سەرسمیان داوە، بەڵام وەک هەندێک بۆی دەچن، هێشتا نەمردوون. تا ئێستا تارماییەکانیان زەینەکان شلوێ دەکەن. چاوبرسێتی بازاڕە گەورەکان، ئابورییە جوگرافیاو کۆمەڵگا بەزێنەکان، هەژمونی لۆژیکی هێزی ئابوریی‌و سەربازیی (تا ئاستی شەقاوەیەتی) و زاڵبوونیان بەسەر هێزی ڕەوشت‌و مەیلە مرڤدۆستانەکان لەهزرو کارو پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان‌و لەناو کۆمەڵگا گەورەو بچووکەکاندا؛ هەموو ئەمانە هێزەکانی خراپەیان لەلۆژیکی هێزدا بەرهەڵدا کردووە، دەستیان دەگاتە ئەو ناوچانەش کە تا ئەم نزیکانە لە خراپەکارییەکانی بەدوور بوون.

***

لەسایەی ساتەوەختێکی جیهانیدا کە تێیدا بیرۆکەی ڕاست‌و چەپ درزی تێکەوتووە، ئەوەی ڕوویدا.. ڕوویداو بەردەوامیشە لە ڕوودان؛ وادیارە جیهان پێویستی بە هزری نوێیە تا وەڵامی پرسیارە ئایندەییەکان بدەنەوە، کە لە پرسیارە پوواوەکانەوە سەریانهەڵداوە. کەچی لەبری دەرکەوتنی ئەم هزرانە، تەکنەلۆژیا دەرگای درنجی ڕەگەزپەرستی‌و فاشیزمی کردەوە تا سەرلەنوێ ملەقوتە بکات، هەڕەشە لەجیهان بکات، خراپتر لەوەی پێشترو بەتایبەتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا کردوویەتی‌و بەهۆیەوە دوو جەنگی گەورە ملیۆنەها مرۆڤیان هاڕی.

***

ئەوەتا دیسان تەکنەلۆژیا دەماندوێنێت‌و دەیەوێت فریومان بدات. بە ڕووکەش گوتارەکەی هیچ لە زبریی‌و ناقۆڵایی "برا گەورە"کەی ناو کتێبەکەی ئۆروێل ناچێت، بەڵام هەمان پلان‌و زۆرێک لە تەکنیکە سەمەرەکانی ئەوی هەیە. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئێمە چین جگە لەکۆمەڵێک دیلی نمونەیی بۆ پەرەسەندنێکی تەکنەلۆژیی تۆقێنەر، کە زۆر خێراو سەرسوڕهێنەرە، دەرفەتی تێڕامان لەوەی مرۆڤ لەم تاودانە خێرایەی ناو جیهانە تەریبەکان چی لەدەست دەچێت، بۆ بەرهەمهێنەرانی‌و بەکاربەرانی ناهێڵێتەوە؛ ئەم خێراییە مرۆڤی نامۆ کردووەو دەسەڵاتی لێ بڕیوەو گۆڕیوێتی بۆ "مرۆڤی بەدینەهاتوو" واتە کۆیلەی تەکنەلۆیا. هەروەها پرسیارەکە ئەوەشە کە ئایا ئێمە لە حاڵی پاشەکشەکردنی بەهاکانداین کە مرۆڤ دەگەڕێنەتەوە بۆ "سەردەمانی زووتر"، یان لە ساتێکداین کە تێیدا ئاگایی مرۆڤ لە ئێستای خۆی تێپەڕیوەو مرۆڤ بەرەو ڕووبەرە کراوەکان دەبات؟

ئەمڕۆ، هەموو شتێک تەماوییە، بەو پرسیارە گەورانەشەوە کە هوشیاریی شارستانێتیان پێکهێناوە. ئێمە لە ساتی نشوستیداین، نشوستیی هەموو ئەو هزرانەی باوەشمان پێداکردبوون، ئەمانە هەموویان دواترەکانیان بەرهەمهێناوە وەک دوای "ڕاست" و دوای "چەپ"، دوای "خۆرەڵات" و دوای "خۆراوا". ئیتر هزرە گشتگیرەکان، ئاسمانیی بن یان زەمینی، هەموویان ڕمان و بۆشایی گەورەیان جێهێشت. وتەزاکان‌و پێچەوانەکانیان داڕمان. ئەوەتا جیهانی سەراسیمەو دۆش داماو دیسانەوە دەبێتەوە بە مەتەڵێکی قورس و دانیشتوانی سەر ئەم هەسارەیە دیسان پێویستییان بە هەڵهێنانی مەتەڵەکە دەبێت.

***

کەواتە با ڕێکبکەوین لەسەر ئەوەی جیهان لە ژانێکی زەحمەتدایە، دەبێت مرۆڤ دەرچەیەکی ڕزگاربوونی هەبێت، تەکنەلۆژیا بەتەنها وەڵامەکەی لا نیە، مەسەلەکە هەر ئەوەندە نیە پێوەست بێت بە پێشکەوتنی زانستی، یان زلهێزەکانەوە، بەڵکو پێوەستیشە بەو نەتەوانەی چەوسێنراونەتەوەو پەراوێزخراون، ئەمە بەسەر ئێمەدا وەک نەتەوەیەکی خاوەن ڕابردووی کۆن‌ بەهێزو ئیستای لاواز کە یان ئەوەتا بە ئاگری دواکەوتن‌و ستەمکاری دەسوتێت، یاخود لەناو جیهاندا وێڵ دەبێت.

جوگرافیای عەرەب گرنگییەکی زۆری هەیە، سامانیان زۆرە، ئەمەش یەکێکە لەو نەفرەتانەی لە سەردەمی نوێدا پێیانەوە لکاوە، بەڵام ئەمەندە بەس نیە، پێویستە دەسبەرداری وەهمەکانی ڕابردوو ببن، لە غەفڵەتی خۆیان بێدار ببنەوە، کە زۆری کێشاوە، تا بوونی خۆیان بپارێزن‌و بەشداریی بکەن لە دروستکردنی ئایندەدا.

***

ئەو ململانێ‌و شەڕو شۆڕانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن، هەرگیز لەو ئەنجامە کارەساتاوییانەی چەقبەستنی هزریی مرۆڤایەتی بەدەر نیە. ئەوەی لە کۆمەڵگا حەرەبییەکانیشدا، بەتایبەتی لە خۆرەڵاتی عەرەبی ڕوودەدات، بەشێکی زۆری ئۆباڵەکەی لەپاڵ ستەمکارەکاندا، لەئەستۆی ئەو دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەشە کە بوێریی هزریی‌و ئاکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع نەبووە، لەسایەی ململانێیەکی لاسەنگدا لەنێوان هێزەکانی ڕابردوو و هێزەکانی ئایندەدا، هیچیان پێ نەکراوە.

ئێمە ئەمڕۆ باجی هەڵە کەڵەکەبووەکانی هێزە کۆمەڵگاییەکانی ناو ئەو وڵاتانە دەدەین کە دەستەبژێری فەرمانڕواو دەستەبژێری ئۆپۆزیسیۆنیش ملکەچبوون بۆ کۆمەڵێک هێڵ کە زلهێزەکان لەماوەی جەنگی سارددا بۆیان کێشاون، کە تا ئێستاش دەستاڕەکانیان دەمانهاڕن. ئێمە ئەگەر ئیرادەی بیرکردنەوەی ئازادو کاری داهێنەرانەی دەستەجەمی و تاکانەمان نەبێت، ئەگەر مرۆڤی ئێمە باوەڕی بە گرنگیی پاراستنی خاسییەتە تایبەتەکانی خۆرەڵاتیبوونی خۆی نەبێت‌و بەسەر هەرچوارلای جیهان و کەلتورو ڕۆشنبیرییەکانیدا نەکرێتەوە، ئەوە نابینە خاوەنی کۆمەڵگای وەها کە بتوانێت لەژێر هەتاوی سەردەمدا بژی، ناتوانێت نەتەوەیەک بێت شایستەی کەلەپورەکەی خۆی بێت، کێبڕکێی نەتەوە خاوەن خواستە شارستانێتییەکانی تری پێ بکات.

زاراوەی چەپ و ڕاست مێژوویەکی زانراویان هەیە. لای ئێمە بە زاراوەیەک دەبینرێت کە لە دەرەوە دراوەتە پاڵ کەلتوری هزریماندا. بۆیە تا ڕادەیەک وەک زاراوەیەکی مۆلەق و فشەڵ ماوەتەوەو مانایەکی وای نیە کە وەربگێڕدرێت بۆ واقیع. لەهەموو حاڵەتێکدا، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە ئەم زاراوەیە داڕزاوەو لەوانە هەر بە تەواوەتی لەناو چووبێت. نە چەپی جیهانی عەرەبی چەپە، نە ڕاستیش لای خۆیەوە ڕاستە. بەڕاستی پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی نوێ بۆ زاراوەو چەمکەکان بکەین، تا خەڵک لەم وێڵی‌و پشێوییەی وتاری سیاسی‌و هزریی ئێستامان قوتار ببن.

بەچەپ و ڕاستدا ئەم دوو زاراوەیە نەماون. بینیشمان چۆن سەرکردەی جیهانی دەرکەوتن خۆیان سەر بە جوڵانەوەو پارتەکانی چەپ بوون، بەڵام لە ململانێی جیهانیدا رەوتێکیان گرتۆتە بەر کە تایبەت بوون بە ڕاست، لەوانیش ڕاستڕەوترو وەحشیتر بوون، وەک نمونەی تۆنی بلێر لە بەریتانیا.

هەندێک سەرکردەی جوڵانەوەی ڕاستڕەوانەشمان بینیوە، وەک مێرکلی ئەڵمانی، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر میانڕۆیانەتر ڕەفتاری کردو لەململانێ جیهانییەکاندا زۆر مرۆڤانەتر بوو، بەرامبەر ئەو کارەساتانەی ئێخەی مرۆڤیان گرتووە، نەرمتر بووە، بەتایبەتی لە ناوچەی خۆرەڵاتی عەرەبی، بەتایبەتی ڕەفتاری بەرامبەر ئەوانەی لە جەنگەکان هەڵاتوون. بۆیە پێویستە دیسانەوە پێناسەی ئەو چەمکانە بکەینەوە کە ئەم دوو زاراوەیە لەخۆیانی دەگرن.

***

جیهان لە قۆناغێکی نیگەرانیی زۆری هزری‌و ڕۆحیدایە، ئەگەر ئەو چاڵە گەورەو تۆقێنەرەی نێوان هزرو ویژدان پڕ نەکرێتەوە، ئەوە مرۆڤایەتی وەک کۆمەڵ و وەک تاکیش خۆی نادۆزێتەوە. ئیمڕۆ هزر لەبەردەمی پرسیارەکانی ویژداندا دەستەوسانە، مادام مرۆڤی سەردەمەکەمان تێوەگلاوەو هێز و چاوبرسێتی‌و خۆپەرستی بەسەریدا زاڵ بوون کە کۆمەڵگای بەکارهێنان سەپاندوونی. ویژدان ئاوێنەیە. بەڵام مەسەلەکە پێویستیی بە پەروەردەیەکی ڕۆحیی نوێیە، ئاگاییەکی بە بەهاکانی شارستانێتی دەوێت، تا لەوێوە بەهاکانی هاوکاری‌و بەشداریی بەکاربهێنین، کە مرۆڤ لەوانە زیاتری نیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەنێوان مرۆڤەکاندا کەسانێک هەن کە بەشدارن لە وێرانکردنی ئەم هەسارەیەدا.

بەڵێ، جیهان نمونەیی نیە، زلهێزەکان لەبەردەم وشەکانی داناییدا چۆک دانادەن، بەڵام نابێت ئەمە ئێمەی بیرمەندو ڕۆشنبیرو خوێنەوار سارد بکاتەوە لە بەردەوامیدان بە بیرکردنەوەو گەڕان و کارکردن بۆ نەهێشتنی خراپەکارییەکانی سەر زەوی، ئیتر سەرچاوەکەی هەرچی بێت. مادام گەیشتوینەتە ئەوەی زەمانی تەکنۆلۆژیا ئاینێکی نوێیەو جێگەی ئایدیۆلۆژیا ڕووخاوەکانی گرتۆتەوە، دەیەوێت کورسی ئاینەکانیش داگیربکات، بەجۆرێک لەم سەر زەمینەدا تەنها ئەوە دەمێنێتەوە کە سودی بۆ خەڵک هەیە.

هیچ داناییەک لەوەدا نیە کە دژی پەرەسەندن بین، چونکە یاسای ژیانە، شتێکی لۆژیکی نیە وا ئەندێشەی زانست بکەین کە باوەڕدارە یان کافرە، چونکە زانست سەرچاوەکەی هەرچی بێت، ئەوە هەر زانستە، دەبێت ئەو ئاماژە مەزنە بکەینە ڕێنمامان کە دەڵێت "بەدوای زانیندا بڕۆن ئەگەر لە چینیش بێت." مادام دانایی زانست و هزر زانستە، بۆیە دانایی لەوەشدایە کە لە دورترین شوێنەوە پەیدای بکەین.

***

هزرێکی نوێ، لەسایەی جیهانێکی بەردەوام گۆڕاودا. ئایا ئەمە داواکارییەکی واقیعییانەیە؟ یاخود وەهمی ناو پەرستگاکان پێڕەو بکەین کە دەمانبەنە پاشەکانەوە: پاش واقیع و پاش مرۆڤ.