هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەردەوامە

الجمعة 31 آب 2018 - 15:39

هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بەردەوامە

ئاریان كامیل

دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند كرد كە لە رۆژی 12ی ئایار بەرێوەچوو، پارت و لاینە سیاسیەكان هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە رێخۆشكەر دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، هەندێ لایەنیش دەڵێن تەنها یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران تەواوی بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو نامێنێت.

  • هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی

لەچوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، ئەندامێكی هاوپەیمانی نەسڕ ڕایدەگەێنێت لە ئایندەیەكی نزیكدا بەنیەتی دروستكردنی گەورەترین كوتلە لایەنەكان هاوپەیمانی پێكدەهێنن.

لای خۆیەوە عەلا سوكەر دولفی ئەندامی هاوپەیمانی نەسڕ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە.(ا ه ع) ڕایگەیاند:"دانوستان لەنێوان كوتلە سیاسیەكان بەردەوامە بۆ پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ ودانانی بەرنامەی حكومەتی بۆقۆناغی داهاتوو".

وتیشی" هاوپەیمانی نەسڕ پابەندە بەدەستوور و لە داهاتووشدا بەنیەتی دروستكردن وپێكهێنانی گەورەترین كوتلە هێزە سیاسیەكان هاوپەیمانی زیاتر دروست دەكەن.

دولفی راشیگەیاند، دانوستان بەردەوامەو هاوپەیمانیەتەكەمان كراوەیە بەڕووی هەموو كوتلە سیاسیەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ودانانی بەرنامەی حكومەتی بۆ قۆناغی داهاتوو.

  • دیدار و كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت

دیدار و كۆبوونەوەی لاینە سیاسیەكان بە درێژایی رۆژانی جەژن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەردەوام بوو، لەو چوارچێوەیەدا فواد مەعسوم، سەرۆك كۆمار و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیران رۆژی 24ی ئەم مانگە كۆبوونەوە و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێكرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك كۆماری عێراق، فواد مەعسوم لەگەڵ حەیدەر عەبادی لە بەغدا كۆبووەتەوە، و دۆخی سیاسی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق تاوتوێكراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆی چڕكراوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە پرسی پەلەكردن لە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی گەورە بۆ خۆشكردنی زەمینەی بانگهێشتكردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆبوونەوە لە چوارچێوەی وادە دەستورییەكەیدا.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، سەرۆك كۆمار دووپاتیكردووەتەوە هەمووان پابەندبن بە رێز گرتنی ئەو وادەیەی كە دیاریكراوە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كاری جددی بكرێت لەوبارەیەوە.

لەلایەكی ترەوە دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار  لە بەغداد پێشوازی كرد  لە نوری مالكی جێگری سەرۆك كۆمار، لە دیدارێكدا گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە هەوڵەكانی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانییان  تاوتوێكرد، كە كاندیدانی ئەو فراكسیۆنە رادەسپێردرێن بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی داهاتوو.

لای خۆیەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ( ا ه ع) كەوتووە دەڵێت لە دیدارەكەدا پێویستیی كۆبونەوەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دەستوریی خۆی و گرنگی پابەند بوون بە دەستور و رێزگرتنی ئیرادەی دەنگدەرانی دوپاتكردەوە  لە پێناوی چاكسازیی و گەشە پێدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت  خزمەتگوزارییەكان .

هەروەك گفتوگۆ كردن لە بارەی گرنگترین  پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر هەردوو ئاستی نیشتمانی و ئیقلیمیی تەوەرەیەكی تری دیدارەكە بوو.

  • سەرۆك كۆمار چاودێرە بەسەر پابەندبوونی هەموو لایەك بە دەستور

فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لە بەغداد پێشوازیكرد لە عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە چوارچێوەی وتوێژەكان كە لە ئێستادا لەلایەن سەركردە سیاسیەكانی وڵاتەوە بەرێوەدەچێت.

لەمیانی دیدارەكەشدا بە پێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە دەركراوە و وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە، هاتووە، وتوێژیان سەبارەت بە دوا گۆڕانكاریە سیاسەكانی وڵات كردووە، رۆشناییش خراوەتە سەر دوا گۆڕەنكارییەكانی پەلەكردن لە پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە وەك سەرەتایەك بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە چوارەچێوەی ئەو وادەیەی كە دەستور دیاریكردووە كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك پابەندبن پێوەی.

هەر لەو دیدارەدا تەئكیدكرایەوە لەسەر گرنگی پتەوكردنی هەوڵەكان بەمەبەستی پاراستنی پرۆسەی دیموكراتی و گەشتاندنی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستور و رێزگرتن لە دەنگدەران و كاركردنی بەپەلە بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی لە بواری بنیاتنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پێشخستنی خزمەتگوزترییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

  • دەوڵەتی یاسا: پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو نزیكبوەتەوە

دەوڵەتی یاسا تەئكیدیكردەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو نزیكبوەتەوە.

عالیە نوسەیف ئەندامی دەوڵەتی یاسا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع)ی ڕاگەیاند: "كاندیدی سەرۆك وەزیران تا ئێستا یەكلایی نەبوەتەوە" بەڵام سەرجەم لێگەیشتنەكانی تر تەواوكراون.

وتیشی لایەنە سیاسیەكان پابەندن بەو وادەیەی كە دەستور دیاریكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت.