ڕینە جیرار.. لە توندوتیژیی پیرۆزەوە بۆ توندوتیژیی نادینی

الأحد 12 آب 2018 - 14:35

ڕینە جیرار.. لە توندوتیژیی پیرۆزەوە بۆ توندوتیژیی نادینی

جیرار بە ڕەخنەی ئەدەبی و کتێبی "درۆی ڕۆمانسی‌و هەقیقەتی ڕۆمان" دەستیپێکرد، چەمکی (ئارەزووی لاسایکەرەوانە) خستە ڕوو. بەواتای ئەوەی کە ڕۆمانسیزم وەهمی ئەوەی پێداین کە ئارەزووی هەموو شتێکی ناوازەو جۆریی دەکات، وادیارە ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەکەین ئەوەیە کە هەموو کەس ئارەزووی دەکەن. بەگشتی وادەزانین ئێمە ئارەزووی ئەوە دەکەین کە تایبەتە بە خۆمان، ئارەزووی شتیک دەکەین کە لێمانەوە نزیکەو گوزارشت لە خودێتیی تایبەتی خۆمان دەکات، وەلێ کرۆکی ئارەزوو ڕێک بەپێچەوانەی ئەمەوەیە. بابەتی ئارەزوو – بۆ نمونە، با لێرەدا ئافرەت بێت – تەنها ئەو کاتە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە سەرنجی خەڵکی تریش ڕادەکێشێت

فاهیم محەمەد

و/ صباح کوردستان

بەسەرکردنەوەی هەموو کارەکانی ڕینە جیراری فەیلەسوفی فرانسە (١٩٢٣ – ٢٠١٥) کارێکی زەحمەتە، چونکە ئەو ڕەخنەگریی ئەدەبی، ئوستادی ئەدەبی بەراوردکار، فەیلەسوف و ئەنترۆپۆلۆژیست و بیرمەندی بواری مێژووی ئایینەکانە. هەموو بۆماوەی فەلسەفیی هەر  لەیۆنانەوە تا دەگاتە ئەوسەری ڕۆشنگەریی، لەهزرییدا ئامادەن، هەروەها ئەو تۆژینەوانەش بەرهەم دەهێنێت کە پێوەستن بە زانستە مرۆییەکانەوە، وەک دەرونشیکاریی‌و ئەنترۆپۆلۆژیی‌و ئەتنۆلۆژیی.

سەرنج دەدەین کە چەمکەکان لە هزری جیراردا وردە وردە لەگەڵ پڕۆژە هزرییەکەیداو لەتوێی کۆمەڵێک کارەوە گەشە دەکەن، نێودارترینیان: درۆی ڕۆمانسی‌و هەقیقەتی ڕۆمان ١٩٦١، توندوتیژی‌و پیرۆز ١٩٧٢، شتە شاراوەکان هەر لەمێژووی جیهانەوە ١٩٧٨، گەلێک کاری دیکەش کە ئامادەیان کرد تا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، ببێتە ئەندامی ئەکادیمیای فرانسە. لێرەدا هەوڵ دەدەین تێزە سەرەکییەکانی‌و ئەو توانایانەی بۆمان فەراهەم دەکات تا واقیعی ئێستامانی پێ بخوێنینەوە، لەسەروویانەوە دیاردەی توندڕەوی‌و تیرۆر؛ بخوێنینەوە.

جیرار بە ڕەخنەی ئەدەبی و کتێبی "درۆی ڕۆمانسی‌و هەقیقەتی ڕۆمان" دەستیپێکرد، چەمکی (ئارەزووی لاسایکەرەوانە) خستە ڕوو. بەواتای ئەوەی کە ڕۆمانسیزم وەهمی ئەوەی پێداین کە ئارەزووی هەموو شتێکی ناوازەو جۆریی دەکات، وادیارە ئەوەی ئێمە ئارەزووی دەکەین ئەوەیە کە هەموو کەس ئارەزووی دەکەن. بەگشتی وادەزانین ئێمە ئارەزووی ئەوە دەکەین کە تایبەتە بە خۆمان، ئارەزووی شتیک دەکەین کە لێمانەوە نزیکەو گوزارشت لە خودێتیی تایبەتی خۆمان دەکات، وەلێ کرۆکی ئارەزوو ڕێک بەپێچەوانەی ئەمەوەیە. بابەتی ئارەزوو – بۆ نمونە، با لێرەدا ئافرەت بێت – تەنها ئەو کاتە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە سەرنجی خەڵکی تریش ڕادەکێشێت.

جیرار لە ئامادەیی بیرۆکەکە لە کارە ئەدەبییەکاندا ورد دەبێتەوە تا بیکاتە بیرۆکەیەکی دامەزراو، لە دیدی ئەودا: "تەنها ڕۆماننوسان سروشت گێڕانەوییانەی ئارەزوو کەشف دەکەن" ئەمە لای ستاندال بێت یاخود پرۆست یان فلۆبێر یا غەیری ئەوان، بەردەوام مەیلێکی پڕ لە کێشمەکێش هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی لەدەستی ئەوانیتردایە. درۆی ڕۆمانسیزم لەمەدایە کە دەڵێت هەمیشە بەدوای ڕەسەن و دەگمەندا دەگەڕێت، لەکاتێکدا کە کاری ڕۆمان ڕێک غەیری ئەوە پەرچدەکاتەوە.

ڕاستە، ڕۆمانسیزم بەهای عەفەوییەتی لا زۆرە، بەڵام ئەوەی دەیشارێتەوە لاساییکردنەوەیە. ئەم هەستە نوێیەی ڕۆمانسیزیزم پێشکەشی دەکات، وەک هەستێکی نوێ بەجیهان، وەک هەڵوێستێک لە کۆمەڵگا، کە چیتر پەسەندی ناکات، لەسەر فریودانێکی زۆر دامەزراوە. جیرار دەڵێت: "هەستی ڕۆمانسییانەی بێزهاتنەوەو ڕقهەڵگرتن لە کۆمەڵگاو پەرۆشیی بۆ بیابان، وەک زەینی مێگەل وایە، لەزۆربەی حاڵەتەکاندا جۆرە نەخۆشییەکەو پەیوەندیی بەویترەوە هەیە."

بەمجۆرە ئاخاوتن لەبارەی ئارەزووی لاساییکردنەوەوە، لای جیرار پێوەستە بە چەمکێکی دیکەوە "سێگۆشەی ئارەزوو" ئێمە وا ڕاهاتووین ئارەزوو وەک پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان ئاروەزووکەرو بابەتی ئارەزووکراودا ببینین، بەڵام جیرار لایەنێکی سێهەمیش دەهێنێت: ئەویتری کێبڕکێکەر، یان ئەوەی ناوی دەنێت ئەو دەڵاڵەی دەمانەوێت لاسایی بکەینەوە. پەرۆشیی دۆن کیشۆت بۆ شەڕی ئاشەهەواییەکان، گوزارشت نیە لە سوارچاکی‌و شەهامەتێکی تایبەت، بەڵکو دۆن کیشۆت ئەوەی دەیکات لەبەر ئەوە دەیکات کە باوەڕی وایە ئەمادیس دو غۆڵیش هەمان شتی دەکرد.

قۆچی قوربانی

دوای ئەوە، جیرار هەوڵ دەدات بیرۆکەی "ئارەزووی لاساییکردنەوە" لە بواری کۆمەڵگاو مێژووی مرۆڤایەتیدا تاقیبکاتەوە. لێرەوە لە ڕەخنەگری ئەدەبییەوە دەگۆڕێت بۆ تۆژەری ئەنترۆپۆلۆژیا. ئەگەر خەڵک هەموویان خواستی هەمان شتیان هەبێت، ئەوە بەرەو ململانێ‌و کێبڕکێی دڕندانە دەڕۆین، لێرەوە دەگەینە ئەوەی کە ناوی دەنێت "قەیرانی ئارەزووی لاساییکردنەوە" کە دەبێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە، چونکە ئەگەر ڕەوشەکە وەک خۆی بەردەوام ببێت، ئەوە دەگەینە وێرانبوونی تەواوەتی چەشنی مرۆڤ، واتە ئەوەی پێشتر تۆماس هۆبز بە جەنگی هەمووان دژی هەمووان ناوی برد.

جیرار تێزێکی دیکە دەخاتە ڕوو: جەنگی هەمووان دژی یەک کەس، ناوەرۆکی بیرۆکەی "قۆچی قوربانی" ئەمەیە. ئەمە یەکێکی ترە لەو چەمکە بنەڕەتییانەی هزری جیرار لەسەریان دامەزراوە، کە دەگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین گەلی جوولەکە، بۆ نمونە، کە هەڵەی دەکرد، بەرانێکی دەهێناو گوناهەکانی دەخستە ئەستۆی، پاشان لە بیابانێک بەرەڵای دەکرد تا لەناو بچێت. ئەم مومارەسەیە لای هەموو گەلە دێرینەکان هەیە، کاتێک دوو هۆزی بەگژیەکداچوو دەیانەوێت کۆتایی بە کێشەی نێوانیان بهێنن، لە خوارەوەی هەڕەمی کۆمەڵایەتیدا، کەسێک دێنن، قەمورێک، شێتێک، گەڕێک، ئینجا دەیکەنە قوربانی. بەگشتی لەتوێی ئەم سروتەوە کۆمەڵ خۆی لەهەموو گوناهەکانی ڕزگار دەکات. قوربانیەکان ڕۆڵێکی پارێزەریان بینیوە بۆ کپکردنەوەی ململانێکان، بۆ خۆلادان لە کارەساتی داڕمانی تەواوی کۆمەڵگا.

توندوتیژی پیرۆز

ئەگەر ئارەزەزووی لاساییکردنەوە ببێتە هۆی ململانێ‌و کێبڕکێ، ئەوەش بە سروتێکی قوربانیدان چار بکرێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە توندوتیژی لە هەموو کۆمەڵگایەک‌و جووڵەیەکی مێژووی مرۆییدا هەیە. ئەفسانەو باوەڕە تۆتەمییەکان ئەمە دەخەنە ڕوو. قوربانیدان بە مرۆڤ سروتێکی فیرعەونەکانە، کچان فڕێدەدەنە نیلەوە، مایاو ئەزتێکەکەکان، دڵی قوربانی بە زیندووی دەردەهێنن تا خواوەندان ڕەزامەند بن. قۆچی قوربانی پیرۆزە، چونکە دەتوانێت کۆمەڵ لە قەیرانەکەی ڕزگار بکات‌و هەموو گوناهەکانی وەئەستۆ بگرێت. دواتر مەسەلەکە پەرەی سەندو لەبری مرۆڤ قوربانیمان بە ئاژەڵ  دا، جیرار ئەمە ناو دەنێت قوربانیی بەدیل.

توندوتیژی پیرۆز بەلاش نیە، وەزیفەی خاوێنکردنەوەی هەیە، سەقامگیری سیستمی کەلتوری‌و کۆمەڵایەتی دەهێنیتە دی، لەپێناوی کۆی گروپەکەدا، توندوتیژی دەکاتە دەرەوە. جیرار دەڵێت: "سەربڕاوەەکە توندوتیژییەکە بەرەو قوربانیی دەرەکی وەردەچەرخێنیت، گروپ لە ئۆباڵی توندوتیژی دەپارێزێت." لای جیرار قوربانی سنورێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی توندوتیژی دادەنێت، هێزی وێرانکردنی لێ زەوت دەکات، یاریدەی گروپی مرۆیی دەدات یەکێتی و سەقامگیری بەدەستبهێنێتەوە.

جیرار لەئێستادا

ئایا هزرەکانی جیرار کۆمەڵێك چەمکن بۆ تێگەیشتنی ڕابردوو، یان توانای خوێندنەوەی ژیانی هاوچەرخیان هەیە؟

گریمانە تیۆرییەکان سەبارەت بەوەی لەڕابردوودا ڕوویداوە، وامان لێدەکات درک بکەین بەوەی ئیمڕۆ بە چ برێک گەیشتووە. کێبڕکێکی بێسنوری کۆمەڵگا هاوچەرخەکان، خواستی دەرکەوت‌و بەئەستێرەبوون‌و کەلتوری بووز و ئارەزووی سەرکەوتنی تاک بەهەر نرخێک بێت، لەپاڵیدا بزریی سروتەکانی قۆچی قوربانی کە بووە بە شتێکی ڕابردوو. ئەمانە یاریدەدەری تەشەنەکردنی دیاردەی ئارەزووی لاساییکردنەوەن.

ئێستا خەڵک لەپێناو بووندا زۆران ناگرن، بەڵکو بۆ موڵکایەتییە، ئەمەش توندوتیژییەکەی زۆر فراوانتر کردووە، بەهۆی توندیی کێبڕکێکردنەوە، ئارەزووی لاساییکردنەوە گەیشتۆتە پلەی کوشندە. ڕەنگە بوتڕێت دامەزراوەکان‌و یاسا ململانێکان یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام ئەی ئەگەر ئەمانیش خەریکی جۆشدانی ململانێکان بوون نەک خامۆشکردنیان! ئێستا قۆچی قوربانی شێوەی جیاوازی هەیە، جا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بێت، یان لە کەلتوری بەکاربەریی جەماوەریدا بێت. ئەوەی قوربانیی پێدەدرێت دادپەروەریی‌و مرۆڤایەتییە، قوربانی بە سەرتاپای گەل دەدرێت، بە ژیان‌و سامانی سروشتیی زەمین، بە ژینگەی دروست.

لەکۆمەڵگا "بەرایی"یەکاندا، قۆچی قوربانی نەیدەهێشت گروپ هەرەس بهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ قوربانییەکە مۆرکێکی ئەپۆکالیپتۆسانەی هەیەو ئاگادارمان دەکات لە لەناوچوون و داڕمانی تەواوەتی.

ڕەنگە وەک ڕینێ بۆمێ کەپێیوایە ترس نەک توندوتیژی بناغەی لەدایکبوونی پیرۆزە، ناڕەزایی دەرببڕین. بەڵام تین‌و تاوی تێزەکەی جیرار لەوەدایە کەدەڵێت توندوتیژی پیرۆز بەرهەمیش‌و بونیادیشە. زۆربەی تۆژەران پرسیویانە ئایا شێوەکانی توندوتیژی‌و توندڕەوی و تیرۆر کە لەمڕۆدا هەن، درێژبوونەوەی توندوتیژی پیرۆزی ڕابردوون؟

جیرار ڕوونیکردۆتەوە کە ئەم چەمکە توندوتیژییەکی دامەزرێنەری شارستانێتییە، دەیەوێت سنورێک بۆ کوشتار دابنێت، بەڵام توندوتیژی تیرۆریستانەی ئەمڕۆ، هەژانێکی وێرانکەرانەیە، جگە لە وێرانکاری‌و داڕمان هیجی لێ شین نابێت. جیرار لە کۆتایی کتێبەکەیدا ئاماژە دەکات بۆ ئەم جیاوازییە، جەخت دەکات لەڕابردوودا مرۆڤەکان "پەرستشی توندوتیژی"یان نەدەکرد، وەک ئەوەی لە شارستانێتی هاوچەرخدا دەکرێت، ڕاستە توندوتیژی لەگەڵ پیرۆزدا بەناویەکدا دەچن، بەڵام دێرین هەمیشە ویستوویان بگەنە حاڵەتی "ناتوندوتیژی".

بەشێوازێکی دیکە دەڵێین ئایین ڕۆڵی بنەڕەتی لە سنوردارکردنی توندوتیژی‌و هێشتنەوەی لەدەرەوەی کۆمەڵگا دەبینی، بەڵام ئیمڕۆ تیرۆر دەیەوێت هەموو شتێکی گشتی لەناو ببات (قوتابخانە، نەخۆشخانە، بازاڕ) دژی لۆژیکی ئایین کاردەکات، لەبری ئەوەی توندوتیژی دەربکاتە دەرەوە،  دەیهێنێتە قوڵایی کۆمەڵگاوە.

تێزەکانی جیرار وامان لێدەکەین بڕێک پاساو بۆ توندوتیژی کۆن بهێنینەوە، لانیکەم لە دامەزراندنی بەراییانەی کۆمەڵگاکاندا، بەڵام جیاوازییەک لەهزریدا هەیە، سەبارەتی بە توندوتیژی پیرۆزی کۆن و توندوتیژی وەحشییانەی ئەمڕۆ. تیرۆر وەل لوتکەی توندوتیژی، پاساوی ئەقڵانیی نیە، مەرگی خۆڕایی بێتاوانانە. بۆیە تیۆرر سروتە ڕەشە (نا ئاینیی)یەکەیە، گەرچی هەمیشە هەوڵ دەدات پۆشاکی ئایین بپۆشێت. ڕەنگە پێویست بکات بە حەسرەتەوە بپرسین: کامەیە ئەو قوربانییەی دەتوانێت گوناهەکانی مرۆڤی هاوچەرخ پاکباتەوە؟

گەلان قۆچی قوربانی هاوچەرخن

ئەمڕۆ قۆچی قوربانی شێوەی جیاواز وەردەگرێت، چ لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکاندا یان لە کەلتوری بەکاربەریی جەماوەرییدا. ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێت بە قوربانی دادپەورەوەیی‌و مرۆڤایەتییە، قوربانیی بە تەواوی گەل دەدرێت، قوربانی دەدرێت بە ژیان و سامانی سروشتی‌و ژینگە. جاران قوربانی کۆمەڵگا بەراییەکانی لە داڕمان دەپاراست، قوربانییەکەی ئەمڕۆ هەڕەشەی داڕمانی سەرانسەرییمان لێدەکات.