وەلامدانەوەی پرسیاری: هەقیقەت چیە؟

السبت 11 آب 2018 - 14:42

وەلامدانەوەی پرسیاری: هەقیقەت چیە؟

لەسەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، پرۆتاگۆراس کتێبێکی بڵاوکردەوەو ناوی نا "هەقیقەت" کە تەنها چەند بڕگەیەکی بە ئێمە گەیشتوە. یەکێک لەو بڕگانە دەڵێت کە "مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە" بە واتای "بە نیسبەتی منەوە شتەکان ئەوانەنە کە بۆ من وان، بۆ تۆش ئەوانەن کە بۆ تۆ وان، تۆ مرۆڤیت و منیش مرۆڤم." لەمەشەوە دەستەواژەیەکی دیکە دێت "ناتوانم بزانم کە خواوەندەکان هەن یان نین"

د. مراد وەهبە

و/ صباح کوردستان

ناونیشانی وتارەکە گۆڕانکارییەکی کەمی وتارێکی ترە کە فەیلەسوفی مەزن (کانت) لەساڵێ ١٧٨٤ دا لە گۆڤارێکی مانگانەی بەرلیندا بڵاوی کردەوە، ناونیشانەکەی بریتی بوو لە "وەڵامدانەوەی پرسیاری: ڕۆشنگەریی چیە؟" لێرەدا من زاراوەی "هەقیقەت" دەخەمە جێگەی "ڕۆشنگەریی". بۆیە پرسیارەکە ئەمەیە: ئەم گۆڕینە بۆ؟

هۆیەکەی جیاوازییە لەنێوان خەمەکانی سەدەی هەژدەو ئەوانەی سەدەی بیستویەک. لە سەدەی هەژدەدا، خەمەکان لەدەوری ڕزگارکردنی ئەقڵ لەهەموو دەسەڵاتێک جگە لە دەسەڵاتی خۆی، دەسوڕانەوە. لای کانت ئەم ڕزگارییە لە دروشمەکەی ڕۆشنگەرییدا بوو "بوێر بە لە بەکارهێنانی ئەقڵتدا."

لای ئەو بوێریی مانای وەلانانی ئەو پاسەوانانە بوو کە ڕاسپێردرابوون مرۆڤەکان ملکەچ بکەن بۆ گوێڕایەڵی، ئەو پاسەوانانە لە دامەزراوەی ئاینی یان دامەزراوەیەکی  ترەوە دەهاتن کە کە لەناو خەونی قووڵی دۆگمادا بوون، واتە ئەو خەونەی باوەڕی ڕەها لەگەڵ خۆی دەیهێنێت. لەمبارەیەشەوە چوار کتێبی نوسی: ڕەخنەگرتن لە ئەقڵی پەتی، ڕەخنەگرتن لە ئەقڵی کردەیی، ململانێی بەهرەکان، ئایین لە سنوری ئەقڵدا. فەیلەسوفانی ڕۆشنگەریی لەفەرەنسا هەر لەم بوارەدا نوسییان، لەوەشەوە شۆڕشی فرانسەو پاشان ئەمریکا دروست بوو.

بەڵام لە سەدەی بیستویەکدا، دەبینین لەناو ئاینەکانی هەسارەی زەمیندا، دنیایەک ئوسوڵییەتی ئاینی بڵاو بوونەتەوە، هەریەکەیان دەڵێت کە خۆی خاوەنی هەقیقەتی ڕەهایە. لەبەرئەوەی هەقیقەتی ڕەهاش یەک دانەیە، بۆیە بەیەکداکێشانێکی خوێناویی لەنێوان سەرۆکەکانی ئەم هەقیقەتە ڕەهایانەدا ڕوویداوە. وەلێ ئەم پێکداکێشانە خوێناوییە لەئاستی سەرۆکایەتییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو تێپەڕیوەو گەیشتۆتە قەوارەی دەوڵەتان‌و شوناسی گەلان. ئەمجۆرە بەیەکداکێشانە ناونراوە تیرۆر. لێرەوە ئەم دەستەواژەیە هاتووە: "تیرۆر لوتکەی قۆناغەکانی ئوسوڵییەتی ئاینییە." ئەگەر دەتەوێت تیرۆر لەناو ببەیت، پێویستە ئەو ئوسوڵیییاتان لەناو ببەیت.

کەواتە پرسیارەکە ئەمەیە: چۆن لەناویان ببەین؟

ئەگەر ئەم ئوسوڵییاتە ئاینییانە لافی ئەوە لێبدەن کە گوایە خاوەنی هەقیقەتی ڕەهان، ئەوا پرسیارەکە دەبێت بەمە: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کەس خاوەنی هەقیقەتی ڕەها بێت؟ من بەپرسیارێک وەڵام دەدەمەوە: ئایا هەقیقەتی ڕەها هەیە؟ لێرەدا ئایرۆنییەکە ئەوەیە کە ئەم پریسیارە لە نێوەندە ڕۆشنبیریی‌و ئاینییە خۆراواییەکاندا خراوەتە ڕوو، کەجی لەهیچ نێوەنێکی عەرەبی‌و ئیسلامیدا باس ناکرێت، بەڵکو، لێرە باس باسی ئیدانەکردنی توندڕەویی ئاینییە کە دواجار مەبەست لێی دەربازبوونە لە کۆڕایی‌و خۆدزینەوەیە لە گوێڕایەڵی، واتە یاخیبوون لە دەسەڵاتی ئاینی.

لێرەشەوە هەر بانگەشەیەک کە پێی بوترێت نوێکردنەوەی گوتاری ئاینی یان شۆڕشی ئاینی یاخود شۆڕشی هزریی، لەباردەبرێت. هەر لێرەشەوە تیرۆر تەشەنە دەکات‌و کۆنترۆڵمان دەکات‌و لە سنوری دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا نامێنێتەوە، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ دەوڵەتە ئەوروپایی‌و ئەمریکایی‌و ئەفرۆئاسیاوییەکانیش.

کەوایە، پرسیارکردن لەوەی ئایا هەقیقەتی ڕەها لەگۆڕێیە! شایستەی ئەوەیە کە هەموو دەوڵەتان‌و گەلانی هەسارەی زەمین بەرزی بکەنەوە. پێشکەوتنی شارستانێتی شایەتی ناتوانایی ئەقڵە لە خاوەندارێتیکردنی هەقیقەتی ڕەهادا. ئەوەی دوێنێ هەقیقەت بوو، سبەینێ وا نامێنێتەوە. بەڵام ئەم شایەتیدانە لەدەست ڕاوەدونان‌و تۆمەتبارکردن ڕزگاری نەبوو. با لە ڕابردووەوە نمونەیەک بۆ قسەکانم بهێنمەوە:

لەسەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، پرۆتاگۆراس کتێبێکی بڵاوکردەوەو ناوی نا "هەقیقەت" کە تەنها چەند بڕگەیەکی بە ئێمە گەیشتوە. یەکێک لەو بڕگانە دەڵێت کە "مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە" بە واتای "بە نیسبەتی منەوە شتەکان ئەوانەنە کە بۆ من وان، بۆ تۆش ئەوانەن کە بۆ تۆ وان، تۆ مرۆڤیت و منیش مرۆڤم." لەمەشەوە دەستەواژەیەکی دیکە دێت "ناتوانم بزانم کە خواوەندەکان هەن یان نین" ئیتر تۆمەتباریان کرد بە بێدینی و سزای گیانکێشانیان بەسەردا داو کتێبەکانیان سوتاند و ئەویش هەڵات و لەدەریادا خنکا. لە سەدەی شازدەدا کۆپرنیکۆس تیۆرەکەی خۆی ڕاگەیاندا کە دەڵێت زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، ئەمەی لە کتێبی "لەبارەی جوڵەی چەرخ"ەوە باس کرد. دەسەڵاتی ئاینی کتێبەکەیان زەوت کرد.

گالیلۆ پشتیوانی لە تیۆرەکە کرد، دیوانی چاودێریکردنی کتێبەکان ڕایگەیاند کە گالیلۆ لە دین دەرچووە، چونکە باسی تیۆرێک دەکات لەگەڵ کتیبی پیرۆزدا ناسازێت. لەسەدەی نۆزدەدات ئوسوڵییەتی مەسیحی داوای ڕێگریکردن لە خوێندنی تیۆری پەرەسەندنیان لە زانکۆ و قوتابخانەکانی ئەمریکا، کرد.

کەواتە، تۆقاندن ئامبازی هەر تیۆرێکی زانستی دەبێت کە دەسەڵاتی ئاینی پێیوابێت باوەڕ لەق دەکات، واتە هەقیقەتی ڕەها ڕادەچڵەکێنێت. ئەگەر وابێت، کەواتە ئێمە لە تەڵەزگەیەکی قووڵداین: یان ئەوەتا دەبێت زانست پێش بکەوێت بێ ئەوەی پابەند بێت بە هەقیقەتی ڕەهاوە، یان پابەندبوون بە هەقیقەتی ڕەهاو قەدەغەکردنی زانست لە پێشکەوتن. واتە ڕزگاربوون لە تەڵەزگەکە پێویستی بە قوربانیدانە بە یەکێکیان. سەرەنجامیش قوربانی بە هەقیقەتی ڕەها، بگرە بە خودی هەقیقەت درا.

پرسیارەکە ئەمەیە: چۆن ئەوە ڕوویدا؟

بەهۆی دروشمەکەی ڕۆشنگەریەیوە، بەوجۆرەی کە کانت دەیخواست: "لە بەکارهێنانی ئەقڵتدا بوێر بە." بوێریی مانای هەڵەشەنەبوونە، واتە دەرنەچوون لە سنوری ئەقڵ. سنورەکانی ئەقڵیش ئەوەیە هەرگیز ناتوانێت ڕەها ڕاو بکات، هەوڵ دەدات ڕاوی بکات بەڵام بۆی ناکرێت. خۆ ئەگەر ڕەها پێوەستکرابێت بە هەقیقەتەوە، ئەوە دەبێت ئەو پێویستییە هەڵبوەشێنینەوە.

ئەی جێگرەوەمان چیە؟

بریتیە لە پێوەستبوونی ئەقڵ بە زانینەوە، نەک بە هەقیقەتەوە. لەم بوارەشدا زانستێکی نوێ دامەزرێنراوە ناوی "سێینەی زانست"ە، واتە فەلسەفەو فیزیاو سیاسەت، تێیدا فەلسەفە یەکەی هەمەکی زانینەو لەسەر بناغەی فیزیاو سیاسەت دامەزراوە. سیاسەتیش زانستە مرۆییەکان دەباتەوە لای خۆی، فیزیاش زانستە سروشتییەکان. ئەم سێینە دوور لە پاسەوانانی هەقیقەتی ڕەها پێشدەکەوێت، ئەوانەی کە هیچیان بەلاوە گرنگ نیە جگە لە پاراستنی ئەو هەقیقەتە، لێرەشدا پاراستنی شیاوە، چونکە زانستە نوێیەکە تەنها زانینی بەلاوە گرنگە، ئەوەشی لەپێناوی گۆڕینی واقیع و پێشکەوتنی بێسنوردا دەوێت.

لەم ڕەوتەدا زانین وەک فاکتەری چوارەمی سێ فاکتەرەکە: سامان، خاک، کار... دەسبەکاردەبێت.