تەندروستی سلێمانی: تووشبوویەکی کۆرۆنا چاکبووەتەوە

الأحد 08 آذار 2020 - 23:16

تەندروستی سلێمانی: تووشبوویەکی کۆرۆنا چاکبووەتەوە

 سلێمانى-اه‌ع

 
بەڕێوبەرایه‌تى گشتیی تەندروستی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند کە تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی چاک بووەتەوە و بەم زووانە نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت.
د. سەباح هەورامی لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا كه‌ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) ئاماده‌ى بووه‌، هۆشداریدا و وتی، "دوو هەفتەی داهاتوو زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە دەبن".
د. سەباح هەورامی ڕایگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی ئەو هاووڵاتیانەی لە کەرەنتینەکان خراونەتە ژێر چاودێریی ورد بۆ ماوەی 14 ڕۆژ، 640 کەس بوون، 350 هاووڵاتی لەوانە ئێستا لە دەرەوەی کەرەنتینەکانن، پێنج لەوانە لە نەخۆشخانەی چارەسەری کۆرۆنان و 345یان لە ماڵەوەن.
بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە "لەم ماوەیەدا 200 پشکنین بۆ هاووڵاتیانی گومانلێکراو کراوە، هەشتیان پۆزەتیف بوون و یەکێکیان مردووە، یەکێکیش لە تووشبووەکان ئێستا لە چاکبوونەوەدایە، لە دوو پشکنیندا کە بۆی کراوە دوای چارەسەر نێگەتیف بووە و چاکبووەتەوە، لە کاتژمێری داهاتوو یان بەیانی دەڕواتەوە ماڵەوە".
هەروەها وتیشی، "لە پێشتردا ڕامانگەیاند هەفتەی ڕابردوو هەستیارە و وەک بینیشتان 7 حاڵەت تۆمارکران، هەروەها دوو هەفتەی داهاتووش زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە دەبن، بۆیە ئاگادار بن و زیاتر پابەندی ڕێنماییەکان بن".