عەلاوی دەست لەکارکێشانەوەی لە ڕاسپاردنی ڕاگەیاند

الأحد 01 آذار 2020 - 00:14

عەلاوی دەست لەکارکێشانەوەی لە ڕاسپاردنی ڕاگەیاند

 به‌غدا-اه‌ع

 
محەمەد تۆفیق عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت پاشەكشەی لە پێكهێنانی حكومەت راگەیاند و داوای لێبوردنی لە سەرۆك كۆمار كرد
عه‌لاوى له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى (اه‌ع)كه‌وتووه‌،ڕایگه‌یاند"كاتێك ئه‌و ئه‌ركه‌م پێسپێردرا، به‌ڵێنم به‌ گه‌لدا ده‌ستبه‌رداری راسپاردن ده‌بم ئه‌گه‌ر بێتوو گوشاری سیاسیی به‌سه‌رمدا بسه‌پێندرێت، بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراو له‌سه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌ی سوورم بۆ پێكهێنانی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بڕیاری پێكهێنانی حكومه‌تێكی بێلایه‌نمدا بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌م به‌بێ پابه‌ندبوونی حیزبی یان هه‌ر جۆره‌ گوشارێكی دیكه‌ بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌م. بڕیاری خێراكردن بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی گه‌ل و سووربوونم له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م مه‌رجه‌ له‌ كاتێكدایه‌ دركم به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ به‌ تێپه‌ڕاندنی حكومه‌ته‌كه‌م لایه‌نی زیانبه‌ركه‌وتووی یه‌كه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌بن كه‌ له‌نێو گه‌نده‌ڵیدا خنكاون و بازرگانییان به‌تایفه‌گه‌رییه‌تی و نه‌ژادیی ده‌كرد. ئه‌گه‌ر سازشم له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌كانیان بكردایه‌، ئێستا وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستبه‌كارده‌بووم، به‌ڵام من ئه‌وه‌م نه‌كرد". 
وتیشى:"هه‌وڵمدا به‌پێی توانا، هه‌موو رێگایه‌ك بگرمه‌به‌ر بۆ رزگاركردنی نیشتمان له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و نادیاری و بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان. به‌ڵام له‌ كاتی دانووستاندنه‌كاندا شۆك بووم به‌ چه‌ندین پرس و بابه‌ت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییان به‌ نیشتمان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌بووه‌ و خوای گه‌وره‌ شایه‌تمه‌ هیچ كاتێك سازشم بۆیان نه‌كرد و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆم نه‌خسته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات و نیشتمان. به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌، هه‌ندێك لایه‌ن ته‌نیا بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی خۆیانه‌وه‌ دانووستاندنیان ده‌كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ دۆزی نیشتمان بكه‌ن و به‌بێ گوێدانه‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپێشاندان بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ دۆخی وڵات و به‌ره‌و پێشبردنی خوێنیان چۆڕدرا". 
ئه‌وه‌یشى وت:"بۆیه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك، من له‌ به‌رامبه‌ر هاوسه‌نگییه‌كدابووم.... قبووڵكردنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران به‌رامبه‌ر نه‌بوونی راستگۆیی به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌م و درێژه‌دان به‌م پۆسته‌ له‌سه‌ر حیسابی نه‌هامه‌تییه‌كانیان بوو. بژارده‌كه‌ ئاسان و روون بوو، ئه‌ویش مانه‌وه‌م بوو له‌گه‌ڵ گه‌له‌ خۆڕاگره‌كه‌م به‌تایبه‌تی كاتێك بینیم هه‌ندێك لایه‌نی سیاسیی جیدی نین له‌ چاكسازیی و راستگۆنین به‌رامبه‌ر به‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ گه‌له‌كه‌یان داوه‌. دانانی به‌ربه‌ست له‌به‌رامبه‌ر له‌دایكبوونی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌ كاربكات بۆ نیشتمان، روون و ئاشكرابوو له‌ رێگه‌ی ته‌واونه‌كردنی نیسابه‌كان بۆ دووجار و ده‌ستپێكردن به‌هه‌ڵمه‌تی بوختان پێكردن و درۆ و ساخته‌كردنی راستییه‌كان تا گه‌یشتیینه‌ ئه‌مڕۆ و نازانین ئه‌وانه‌ی بازرگانی به‌خه‌مه‌كانی گه‌ل ده‌كه‌ن به‌كوێ ده‌گه‌ن. 
ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"لێره‌وه‌ رێگه‌م پێبده‌ن نووسراوی داوای لێبووردنم بۆ به‌ڕێزتان به‌رزبكه‌مه‌وه‌ له‌ ئه‌ركی راسپاردنم بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و هیوام وایه‌ به‌ڕێزتان ره‌زامه‌ندی ده‌رببڕن".
عه‌لاوى په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرد وڕایگه‌یاند"سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵم بوون و پشتیوانم بوون به‌بێ ئه‌وه‌ی داوای پله‌ و پۆستم لێبكه‌ن. رێگه‌م پێبده‌ن پێتان بڵێم ئێوه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌مانه‌تێكی مێژووییدان كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئینتیما و حیزبه‌كانتانه‌وه‌ نییه‌ ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌خودی خۆشتانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به‌ عێراقیه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویسته‌ ئێوه‌ ده‌ستپێشخه‌ربن بۆ شان خستنه‌ژێر ئه‌م ئه‌مانه‌ته‌ و ده‌بێ رۆڵی سه‌ره‌كیی بگێڕن بۆ سه‌پاندنی دید و بۆچوونه‌كانتان بۆ چاره‌كردنی ئاراسته‌ی كاره‌كان. بڕیار بڕیاری ئێوه‌یه‌ نه‌ك بڕیاری كه‌سێكی دیكه‌. نابێ كه‌سێكی دیكه‌ به‌ناوی ئێوه‌ دانووستاندن بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستێك یان وه‌زاره‌تێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی یان بۆ حیزبه‌كه‌ی و پێكهاته‌كه‌ی. 
سه‌رۆك وه‌زیران داوایشى له‌گه‌ل كرد"به‌رده‌وامبن له‌ دروستكردنی گوشار له‌ رێگه‌ی خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانه‌ و گیانفیداییه‌كانتان به‌رخودانه‌كانتان به‌هه‌ده‌ر مه‌ده‌ن و منیش وه‌ك عێراقییه‌ك ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ نێو ریزه‌كانی گه‌لی عێراقی وه‌ك تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ سازشی له‌سه‌ر بنه‌ماكان و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی نه‌كرد و نزا بۆ یه‌زدان ده‌كه‌ن بتانپارێزێت و عێراقی خۆشه‌ویست له‌ هه‌موو خراپه‌كارییه‌ك بپارێزێت".