كۆبونه‌وه‌ى هه‌ولێر هه‌ڵوێستى فراكسیۆنە کوردییەکان دیارى دەکات لەبارەی دانیشتنی متمانەدان

الأحد 23 شباط 2020 - 19:41

كۆبونه‌وه‌ى هه‌ولێر هه‌ڵوێستى فراكسیۆنە کوردییەکان دیارى دەکات لەبارەی دانیشتنی متمانەدان

 بەغدا-اەع-سۆما جاف

 
فراکسیۆنە کوردستانییەکان،ئەمڕۆ یەکشەممە،ھەڵوێستی خۆیان خستەڕوو لەبارەی دانیشتنی متمانەدان بەحکومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو کەبڕیار وایە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
 
پەرلەمانتار ڤیان سەبڕی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاژانسی ھەواڵی عێراقی(اەع)ڕایگەیاند:سەرکردە سیاسییەکانی ھەرێم بەردەوامن لەسازکردنی کۆبونەوەکان لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ دەرچوون بەیەک ھەڵوێست لەحکومەتەکەی عەلاوی".
 
وتیشی"سبەی دووشەممە فراکسیۆنە کوردییەکان لەھەولێر کۆبونەوەیەک سازدەکەن ودەرئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە ھەڵوێستی سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکانی ھەرێم دەبێت".
 
لای خۆیەوە سەلیم شوشکەیی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەئاژانسی ھەواڵی عێراقی(اەع)ڕایگەیاند"شاندی دانوستانکار لەبەغدا سبەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم وسەرۆکی پارت وفراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە بۆ دەرچوون بەیەک ھەڵوێست لەبارەی بەشداریکردن لەحکومەتی عەلاوی".
کەچی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە کۆبوونەوەیەک نێوان شاندی کوردی ومحەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو سازدەکرێت بۆ تاوتوێکردنی میکانزمی ھەڵبژاردنی کابینەی وەزاری.
 
جەماڵ کوچەر پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەئاژانسی ھەواڵی عێراقی(اەع)ڕایگەیاند ئەو ناوانەی لەکابینە وەزارییەکە دیاریکراون کەسانی بەڕێزن لای فراکسیۆنە کوردییەکان وھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەو ناوانەوە نییە بەڵکو گرفتەکە لەشێوازی ھەڵبژاردنی ئەو ناوانەن.
 
هه‌روه‌ها ڕەعەد مەکسوسی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون بەئاژانسی ھەواڵی عێراقی(اەع) ڕایگەیاند"کۆبوونەوەکە کەبڕیار وایە سبەی دووشەممە بەڕێوەبچێت بۆ پێداچوونەوەی بەرنامەی حکومی وسیڤی حکومەتی نوێیە کەتایبەت دەبێت بەئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتی وسەرۆک فراکسیۆنەکان بەبێ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران .
 
وتیشی"دانیشتنی متمانەدان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا سازدەکرێت کەڕۆژی چوارشەممەی داھاتووە".
محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ داوای كرد سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران سبەینێ دووشەممە كاژێر 11 ی بەیانی كۆبێتەوە، ئەوەش بەپێی مادەی 10 لەپەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ چاوخشاندن بە ئەو داوایەی پێشكەش كراوە بۆ دانیشتنێكی نائاسایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی و دیاریكردنی وادەی دانیشتنی ئەنجومەن".