پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان

الأحد 09 شباط 2020 - 14:57

پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان

  به‌غدا-اه‌ع-سۆما سه‌ردار

 
 
شاندى هه‌رێمى كوردستان كه‌سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌ ڕایگه‌یاند كه‌گه‌یشتونه‌ته‌ چه‌ند رێككه‌وتنێك له‌باره‌ى دۆسییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا.
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى وه‌زیرى كشتوكاڵى وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقی(اه‌ع)ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند "شاندێكى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى بێگه‌رد تاڵه‌بانى وه‌زیرى كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم وئه‌ندامێتى خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غداى پایته‌ختیان كردووه‌".
وتیشى"شاندنى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایی فیدڕاڵى سازكردووه‌ وتیشكى خستۆته‌ سه‌ر خه‌رجكردنى شایسته‌ داراییه‌كانى جووتیارانى هه‌رێم،دووپاتیشیكرده‌وه‌ شانده‌كه‌ چاوى به‌به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماریش ده‌كه‌وێت له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى دۆسییه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان".
ڕوونیشیكرده‌وه‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى هه‌رێم بۆ به‌غدا گه‌یشتنه‌ به‌چاره‌سه‌رى كێشه‌ى خه‌رجكردنى شایسته‌ داراییه‌كانى جووتیارانى هه‌رێمه‌ كه‌له‌سه‌ره‌تاى ساڵى ڕابردووه‌وه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌ وهه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌ كشتوكاڵییه‌كانى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدایه‌".
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى وه‌زیرى كشتوكاڵى وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى هه‌رێم ئاماژه‌یشى دا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زیرى كشتوكاڵى وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى حكومه‌تى فیدڕاڵى سازكراوه‌ وله‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردراوه‌ لیژنه‌یه‌كى باڵاى هه‌ماهه‌نگكار نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا دروست بكرێـت بۆ پێداچوونه‌وه‌ وخوێندنه‌وه‌ى گرفته‌كانى نێوان هه‌ردوولا ورێكاره‌كانى چاره‌سه‌ركردنیان،ڕوونیشیكرده‌وه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاوتوێ گرفته‌كانى ئاو وئاودێرى وسه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كانى ودروستكردنى به‌نداوه‌كان ونۆژه‌نكردنه‌وه‌یان كراوه‌ هه‌روه‌ها باسیش له‌و قه‌رزانه‌ كراوه‌ كه‌عێراق له‌ رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سوودى لێبینیوه‌ وتایبه‌تن به‌كشتوكاڵى ونه‌هێشتنى بیابانه‌كان".
شایه‌نى باسه‌ شاندێكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ به‌غداى پایته‌خت بۆ تاوتوێ كردنى كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ى هاوبه‌ش له‌نێویشیاندا ڕه‌وشى به‌نداوه‌كان وشایسته‌كانى جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان.