کۆبی براینتی ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا گیانی لەدەستدا

الأحد 26 كانون ثاني 2020 - 23:03

کۆبی براینتی ئەفسانەی باسکەی ئەمریکا گیانی لەدەستدا

 چاودێرى-اه‌ع

 
لە رووداوێکی ناخۆش و شۆکهێنەردا بۆ وەرزشوانان، کۆبی براینتی ئەفسانەی یاری باسکە و ئێن بی ئەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دوای ئەوەی بە هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی لە ئاسمەنەوە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتەخوارەوە، کۆبی براینتی یاریزانی پێشووی باسکەی ئەمریکا لە تەمەنی 41  ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بەرپرسانی شاری لۆس ئانجلێس لە ئەمریکا ئەم هەواڵەیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند کە کۆبی براینت و چوار کەسی دیکە کە لەگەڵیدا بوون بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیان گیانیان لەدەستدا.
 
 
سەرجەم ئەوانەی لە کۆپتەرەکەدابوون بەهۆی سووتانەوە مردوون و کەسیان رزگاریان نەبووە، ئەم رووداوە لە شەقامی لاس ڤێرجیناس بۆ شەقامی ویلۆو لە ناوچەی کالاباساسی شاری لۆس ئانجلێسی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە کاژێر 10:00 بەیانی بە کاتی ئەمریکا روویداوە.
 
هەلیکۆپتەرەکەی براینت لە جۆری سیکۆرسی S-76  بووە، ماوەی چوار ساڵە ناوەناوە هاتوچۆی پێدەکات.
 
براینت لەدوای خۆی چوار کچ و هاوژینەکەی بە ناوی ڤانێسای بەجێهێشت.
ئەو کە 18  جار لەسەریەک ناوی لە باشترین پێکهاتەی ساڵدا بووە لە خولی باسکەی ئەمریکا و 20 ساڵیش یاری بۆ یانەی لۆس ئانجلێس لیکەرز کرد، لە ساڵی 2016 بەیەکجاری وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
 
بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، هاوژینەکەی و چوار منداڵەکەی ویستوویانە لەگەڵیدا بچن، بەڵام لە دواساتەکاندا پەشیمان بوونەتەوە، ئەوەش ئاشکراکراوە کە ئەگەر پیاوانی ئاگر کوژێنەوە زووتربچوونایە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ئەگەری زۆر بوو هەندێكیان رزگاریان ببێت.
 
ئەم رووداوە لەدوای 24 کاژێر بەسەر شکاندنی ژمارەی پێوانەیی براینت دێت لەلایەن لیبرۆنز جەیمسەوە کە خاوەنی زۆرترین تۆمارکردنی خاڵ بوو لە خولی باسکەی ئەمریکا.