سه‌رۆك كۆمار له‌داڤۆسه‌وه‌:مه‌رجعه‌یه‌تى سیستانى عێراقى گه‌یانده‌ كه‌نارێكى ئارام

الأربعاء 22 كانون ثاني 2020 - 20:30

 سه‌رۆك كۆمار له‌داڤۆسه‌وه‌:مه‌رجعه‌یه‌تى سیستانى عێراقى گه‌یانده‌ كه‌نارێكى ئارام

 به‌غدا-اه‌ع

 
به‌رهه‌م ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کۆربەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس رایگەیاند سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی  هاوکارمان بوە  لە تێپەڕاندنی رۆژە تاریکەکان کە بوە هۆی ئەوەی عێراق بگاتە کەنارێكی ئارامتر،ئاماژه‌یشى دا ئه‌وه‌ى جێى داخە بەهۆی کارە توندوتیژییەکان کە کەسانێک لە دەرەوەی یاسا ئەنجامی دەدەن بونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە  600 خۆپیشاندەری ئاشتیخواز گیان لەدەستبدەن، کە زۆرینەیان ئەو کەسانەن لەدوای ساڵانی نەوەدەکانەوە لە دایک بون، هەروەها ژمارەیەکیش لە هێزە ئەمنییەکان لەناو ئەو کەسانەدا هەن،سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کۆربەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس رایگەیاند، بەغدا دەخوازێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەمو وڵاتان لەسەر بنەمای سەروەری و بەرژەوەندی نیشتیمانی بەرەوپێش بەرێت، دەشڵێت "بەهۆی توندوتیژییەکانی چوار مانگی رابردو 600 خۆپیشاندەر کوژران".رونیشیکردەوە، "رەنگە مایەی سەرسوڕمان بێت کە لێرەدا بە رونی دەڵێم، ئێستا کاتێکی سەختە بۆ عێراق، خۆپیشاندەران کە زۆرینەیان گەنجانی عێراقن لە ئێستادا و ماوەی نزیکەی چوار مانگە لەسەر شەقامن، ئەوان خواست و روانگەی قوڵیان هەیە و داواکاری رەخساندنی هەلی ئابوری دادپەروەر و نیشتیمانییان هەیە و دەخوازن دەنگیان ببیسترێت و وەڵامیان بدرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا ململانێیەکی هەرێمی هەڕەشە لەسەروەرییەکەمان دەکات، ئێستا ئێمە لە ناوەڕاستی گەردەلولێکداین".
ئاماژەی بەوەشکرد،"باوەڕم وایە کە عێراق دەتوانێت ئەو بەربەستانە تێپەڕێنێت و وەکو دەرفەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، تائێستاش دەتوانین بەرەو وڵاتێکی باشتر، بەهێزتر و پێشکەوتوتر هەنگاو بنێین".
وتیشى"ئەو گرژییانەی لە ماوەی مانگی رابردو لە نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداو و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا رویدا، پێچەوانەی روانگەی عێراق بو لە چونە ناو ململانێیەکی سیاسەتی دەرەوە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئێمەیە و هەروەها دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی پێشوازی لێکراو نیە، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ هەمو وڵاتاندا بەرەو پێش بەرین، ئەگەر دراوسێ و هاوپەیمانەکانمان ناکۆک بن و رێزی سەروەریمان نەگرن، ئێمە ناتوانین بەرنامەی تایبەتی خۆمان بەدی بهێنین".
سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، "عێراق پێزانینی هەیە بۆ رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەتایبەت پێشکەشکردنی پشتیوانییە سەربازی و ئابورییەکان کە تائیستاش بەردەوامن بە ئامانجی جەنگی دژی داعش، ئەو هاوپەیمانیەتییە رۆڵێکی کارای گێراوە لە سەرکەوتنی هێزە عێراقییەکان لەو روبەروبونەوە چارەنوسسازەدا"، لەبارەی رۆڵی تارانیش رونیکردەوە "هەروەها ئێران رۆڵێکی سەرەکی لە شەڕی تیرۆردا گێراوە، ئێمە ژمارەیەک خاڵی جوگرافی هاوبەش، سەرچاوەی ئابوری، خاڵی هاوبەشی ئاینییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە".
ئەوەشی خستەڕو، "لەبەرژوەندی ئێمەدا نیە هاوپەیمانییەک لەسەر حسابی ئەوانیتر هەڵبژێرین کە رێز لە سەروەری و سەربخۆیمان دەگرێت، پێویست دەکات سەروەری عێراق و پەیوەندییە دبلۆماسییەکان و ئابوریمان پاڵپشت بێت بە بەرژوەندییە نیشتیمانییەکانمان، نەک بەرژوەندییەکانی ئەوانی دیکە، تەنانەت نابێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانیشمان بێت، پێویست دەکات سەربەخۆیی عێراق و ئارامیی وڵات خاڵی هاوبەشی دراوسێ و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان بێت، نابێت هیچ لایەنێک ببێتە بەربەست لەبەردەم پارێزگاریکردن لە سەروەریمان تەنانەت بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیشمان".
سەرۆک کۆماری عێراق رونیکردەوە، "بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەیەکی نارون یان دوژمنداری نیە، بەڵکو کاردانەوەیەک بو بەرامبەر ئەوەی هەمو عێراقییەکان بینیان لە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیان، ئەو بابەتەش دەکرێت لە رێگەی گفتوگۆوە کە سەروەری عێراق و ئارامییەکەی بنەمای سەرەکی بێت چارەسەر بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە داخەوە بەهۆی کارە توندوتیژییەکان کە کەسانێک لە دەرەوەی یاسا ئەنجامی دەدەن بونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە  600 خۆپیشاندەری ئاشتیخواز گیان لەدەستبدەن، کە زۆرینەیان ئەو کەسانەن لەدوای ساڵانی نەوەدەکانەوە لە دایک بون، هەروەها ژمارەیەکیش لە هێزە ئەمنییەکان لەناو ئەو کەسانەدا هەن، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانانەن دەکەین و بە گوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەنجامدەرانیدا دەکەین".
باسی لەوەشکرد، "گەنجەکانی عێراق پێویستییان بە ژیانێکی باشترە و پێویست دەکات هەلی کاری زۆرتر، خزمەتگوزاری باشتر پێشکەش بکرێت، هەروەها روبەربونەوەی گەندەڵی دەستپێبکات کە ماوەیەکی درێژە وڵاتەکەمانی توشی ئیفلیجی کردوە، ئێمەش هەمان شتمان دەوێت، خۆپیشاندەران دەخوازن نیشتیمانپەروەری ناسنامەی هەموان بێت و خەڵکی لەسەر بنەمای ناسنامەی کۆمەڵایەتییان جیاکاریان لە نێواندا نەکرێت، ئەوان داوای سیستەمێکی سیاسی دیموکرات، رێزگرتنی کەرامەتیان و هەڵبژاردنێکی ئازاد دەکەن، ئەوەش ئاسان نیە و پیویستی بە گەڕانەوەی متمانە هەیە لە نێوان خەڵک و حکومەتەدا و پێداچونەوە بە یاسا و دەستورەکەماندا، هەروەها دەبێت بەدوای ئەوەدا بگەڕێین چۆن پەیوەندی نێوان خەڵک و سەرکردەکان بەهێز بکەین".
سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد، "دەوڵەت بە تەنها ناتوانێت هەمو کارەکان راپەرێنێت، پێویستیمان بە بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت هەیە، پێویست دەکات بانگهێشتی وەبەرهێنانی بیانی و تواناکانیان بۆ عێراق بکرێت و پێویست دەکات لە رێگەی دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەتمەند بە پاراستنی وەربەرهێنەران و ئازادی بازار، متمانە بە وەربەهێنەران بۆ ماوەیەکی درێژمەودا برەخسێنین".
ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"ئێمە لەم ساتە دژوارەدا سودێکی زۆرمان لە دانایی و رێنماییەکانی مەرجەعییەت لەنەجەف وەرگرتوە، بەتایبەت سەماحەتی ئایەتوڵا عەلی سیستانی کە هاوکارمان بوە  لە تێپەڕاندنی رۆژە تاریکەکان کە بوە هۆی ئەوەی عێراق بگاتە کەنارێكی ئارامتر، لێرەشەوە نزای باشتربونی دۆخی تەندروستی بۆ بەرێزیان دەکەین، داواش لە هاوپەیمانەکانی عێراق لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەکەین کە هاوکارمان بن، چونکە پابەندبونی ئەوان بەرامبەر عێراق هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی ئێمەیە".