سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ تره‌مپ پێداچوونه‌وه‌ى بوونى هێزه‌ بیانییه‌كان وكه‌مكردنه‌وه‌یان كرد

الأربعاء 22 كانون ثاني 2020 - 14:38

 سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ تره‌مپ پێداچوونه‌وه‌ى بوونى هێزه‌ بیانییه‌كان وكه‌مكردنه‌وه‌یان كرد

 به‌غدا -اه‌ع

 
سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا لە داڤۆس کۆبونەوە و لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد. 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە میانی بەرنامەی كاری كۆبونەوەی رۆژانەی لەگەڵ سەركردە و سەرانی وڵاتانی جیهان و لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کۆبونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە، لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سەر هەردو ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا ئاماژەیكرد بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وەك تاكە رێگەچارەیەك بۆ زامنكردنی هێنانەدی ئاشتی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا.
ھاوکات سەرۆك بەرهەم رایگەیاند، "عێراق سورە لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆست و هاوپەیمانەكانی كە ببێتە مایەی پتەوكردنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆ و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق، هەروەها بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی ئابوری و بونیادنانەوە و رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان".
لەلای خۆیەوە سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ سەقامگیری عێراق و سوربونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دو قۆڵییە هاوبەشەكان و فراوانكردنی مەودای هاریكارییەكان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردو گەل بكات، هاوكات سەرۆكی ئەمریكا رۆڵی میحوەری عێراقیشی بەرزنرخاند لە ناوچەكەدا.
هەر لەو دیدارەدا بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێكرا.