"اه‌ع"ده‌قى نامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار له‌باره‌ى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران بڵاوده‌كاته‌وه‌

الخميس 26 كانون أول 2019 - 15:31

"اه‌ع"ده‌قى نامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار له‌باره‌ى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران بڵاوده‌كاته‌وه‌

 

 
 
به‌غدا-اه‌ع
 
ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌(اه‌ع) ده‌قى نامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار له‌باره‌ى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیران بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌تیایدا راسپاردنى ئه‌سعه‌د عێدانى پاڵێوراوى فراكسیۆنى بنیاتنانى ره‌تكرده‌وه‌ وئاماده‌ى خۆى پێشاندا ده‌ستى له‌كار بكێشێته‌وه‌.
 
دەقی نامەكەی سەرۆك كۆمار
 
 
 
به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،
سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێبێت
 
لە رێكەوتی 23-12-2019دا نوسراوی ژماره‌ 1360تانم به‌ده‌ست گه‌یشت سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی گه‌وره‌ترین كوتلەی په‌رله‌مان لەڕوی ژمارەوە، كه‌ تێیدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بنیادنان گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیه لەڕوی ژمارەوە‌، هاوكات لە لایەن هاوپەیانی بنیادنانەوە نوسراوێكم به‌ده‌ستگه‌یشتوه‌ كە تێیدا به‌ڕێز ئه‌سعه‌د عیدانی-یان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاریكردوه‌.
 
له‌گه‌ڵ پابه‌ندبونمان به‌ دەقی ده‌ستوری كه‌ دایكی هه‌مو یاساكانه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ بكه‌م به‌به‌رپرسیارێـتی  نیشتمانیی خۆ‌م له‌م دۆخه‌ مێژوییه‌ هه‌ستیاره‌دا، هاوكات له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی جوڵانه‌وه‌ شەرعییەكانی خۆپیشانده‌رانی گەلەكەمان سه‌پاندویانه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ پێش رەچاوكردنی پێگه‌ كه‌سیی و سیاسییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیە باڵاكانی نیشتیمان رەچاوبكه‌ین. لەكاتێكدا پێگەی سەرۆكایەتی كۆمارم گرتەئەستۆ لەسەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌ل سوێندم خواردوه‌ كه‌ ده‌بێت بیانهێنمه‌جێ و به‌رگریان لێ بكه‌م، ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتیەكی نیشتمانی لە ئەستۆی سەرۆكدایە كه‌ ده‌بێت پشتیوانبم لە لێكتێگەیشتنەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی داهاتو، كە بەرژەوەندیەكانیش وا دەخوازێت و پێویسته‌ له‌سه‌ر ئەو كاندیدە هۆكاربێت بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كان بێ مشتومڕ و ده‌بێت جێگه‌ی ویست و خواستی گه‌لی عێراق بێ كه‌ ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تی هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانن.
 
سه‌باره‌ت به‌تایبه‌تمه‌ندی و مه‌رجه‌كانی سه‌رۆكی داهاتوی حكومه‌تی عێراق له‌ماوه‌ی ڕابردودا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و هێزه‌ سیاسییه‌كان و چالاكوانان و چاودێرانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كادیمیسته‌كان و پیاوانی ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی زنجیره‌یه‌ك دانوستان و ڕاوێژكاریم ئه‌نجامداوه‌، لە هەمانكاتدا له‌لایه‌ن 174 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ داواكارییه‌كی واژۆكراوم پێگه‌یشتوه‌ كه‌ تێیدا تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی سه‌رۆكی نوێی حكومه‌ت دیاریكراوه‌. 
 
له‌سه‌روی هه‌مو ئه‌وانه‌وه‌، به‌ره‌چاوكردنی به‌رپرسیارێتی سه‌رۆك كۆمار به‌رامبه‌ر به‌گه‌له‌كه‌ی و به‌رپرسیارێتیه‌ نیشتمانیه‌كانی به‌رامبه‌ر ‌سه‌قامگیری و پاراستنی ئاشتی وڵات، له‌خواست و پێداگری خۆمه‌وه‌ له‌ ئاست ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات و نەڕشتنی خوێن، له‌گه‌ڵ هه‌مو ڕێزو پێزانینێكم بۆ به‌ڕێز ئه‌سعه‌د عیدانی، داوای لێبوردن دەكه‌م بۆ ‌كاندیدكردنی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی بنیادنانه‌وه‌. لە هەمانكاتدا‌ ژماره‌یه‌ك نوسراو له‌باره‌ی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه‌ دژ یه‌كن، له‌ڕێكه‌وتی 16-12-2019 سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان/ نوسینگه‌ی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌نوسراوی ژماره‌ 1338 ی ناردوەتە سەرۆكایەتی كۆمارو تێیدا ئاماژەی بەوەكردوە 16 كوتلەی لیستی كوتلەكانی پەرلەمان هاوپەیمانیەكیان پێكهێناوە و ئەو هاوپەیمانیە‌ له‌یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە روی ژمارەوە دیاریكراوە، كە به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی لە لایەن ئەو كوتلەیەوە ڕاسپێردراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌پاش ئه‌و نوسراوه‌ ، رێكەوتی 23-9-2019 نوسراوی ‌ژماره‌ 2494مان بەدەستگەیشتوە كە رێكەوتی 16-9-2018 لەسەر نوسراوەكە هەبوە ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هاوپه‌یمانی بنیادنان له‌روی ژماره‌وه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیه‌، ئەوە لەكاتێكدایە ئه‌م نوسراوه‌ له‌كاتی ده‌رچونیدا نه‌نێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و له‌ تۆماری نوسراوه‌ هاتوه‌كانی ئەوكاتەی ئێمه‌دا تۆمارنه‌كراوه‌، له‌وكاته‌شدا من وەك سه‌رۆك كۆمار دیارینه‌كرابوم، وه‌ ئه‌گه‌ریش لەوكاتەدا نوسراوه‌كە نێردرابێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌وكاته‌ كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن هاوپەیمانیەتی بنیادنانه‌وه‌ دیاریده‌كرا نه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌و 16 كوتله‌یه‌ی كه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌یان پێكهێناوه‌، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م تێبینیانەمان نارد به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نوسراوێكی دیكه‌ی به‌ ژماره‌ 1360  لە رێكەوتی 23-12-2019ی ڕه‌وانه‌كرد، كه‌ تێیدا هاتوه‌ ((سه‌بارت به‌بابه‌ته‌كه‌ی بۆتان ناردوین ئاماژه‌ به‌نوسراوی ژمارە 2494ی رێكەوتی 16-9-2018 دەكەین))، به‌واتای ئه‌وه‌ دێت گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی له‌روی ژماره‌وه‌ هاوپه‌یمانێتی بنیادنانه‌ و ئه‌ویش ده‌بێت كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی دیاریبكات، ئه‌وه‌ش دژیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دو نوسراوه‌كه‌ی پێشوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ بریتین له‌ نوسراوی ژماره‌ 2535ی ڕۆژی 2-10-2019 و نوسراوی ژماره‌ 1338ی ڕۆژی 16-12-2019.
 
له‌چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتیه‌كه‌مدا كه‌ بریتیه‌ له ‌په‌یڕه‌وكردنی ده‌ستورو پاراستنی، پێویسته‌ ئاماژە بە بڕگەی 67ی ده‌ستور بدرێت كه‌ سه‌رۆك كۆمار پابه‌ند ده‌كات به‌ (پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كێتی و ئاشتی خاكی عێراق)، به‌هه‌مانشێوه‌ بڕگەی 76ی ده‌ستور سه‌رۆك كۆمار پابه‌ند ده‌كات به‌ راسپاردنی كاندیدی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی له‌روی ژماره‌وه‌ بۆ پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بێ ئه‌وه‌ی مافی تانه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌بێت.
 
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه‌ كاندیدی ئێستای پێدیاریكراوه‌، له‌ده‌قی پابه‌ندبونه‌كان بە ده‌ستور ده‌رچوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ئاماده‌یی خۆم بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌رده‌بڕم له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تا له‌ژێر ڕۆشنایی به‌رپرسیارێتی خۆیاندا وه‌ك نوێنه‌رانی گه‌ل، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ به‌گونجاوی ده‌زانن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچ خێرێك له‌پێگه‌و پله‌یه‌كدا نابێت كه‌ له‌خزمه‌تی خه‌ڵكدا نه‌بێت و گره‌نتی مافه‌كانیان نه‌كات.
 
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ جه‌ختده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی، جوڵانه‌وه‌ سیاسییه‌كان و په‌رله‌مانیه‌كان ده‌بێت هه‌میشه‌ مینبه‌رێكی هه‌میشه‌یی بن بۆ خواست و ویستی ته‌واوی گه‌ل و مینبه‌رێكیش بن بۆ ئه‌من و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ئاست به‌رپرسیارێتی به‌دیهێنانی ئه‌منیه‌ت و خواست و ویست و قوربانیه‌كانیانی گه‌لدا بن.
 
‌وته‌یه‌كی ئیمامی عه‌لی كوڕی ئه‌بی تالیب ڕه‌زای خوای لێبێت بیردێنمەوە كه‌ ده‌ڵێت: "یەزدان رەحم بەو مرۆڤە بكات كە راستی دەبوژێنێتەوە و بەتاڵیی لەناودەبات و ستەم تێكدەشكێنێت و دادپەروەری بەرپادەكات"، هەربۆیە دادپه‌روه‌ری سه‌رچاوه‌ و ئامانجی ده‌سه‌ڵاته‌، كۆتا پێگه‌ی ده‌ستوره‌كانه‌و شوێنی به‌رپرسیارێتی فه‌رمی و سه‌روه‌ریه‌تیە، له‌هه‌مانكاتدا ده‌سته‌كه‌وتی ڕۆڵه‌كانی گه‌لمانە دوای ئه‌و هه‌مو قوربانیانه‌ی له‌پێناو پاراستنی نیشتمان و مافه‌كانی هاوڵاتیان پێشكه‌شیان كردوه‌..
 
درودو نه‌مری بۆ شه‌هیدانی عێراق، ئه‌من و ئاشتی بۆ گه‌لی عێراق، داوای سه‌ركه‌وتن له‌خودا ده‌كه‌ین