دواخستنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌رى نابێت له‌پرۆسه‌ى پاڵاوتنى سه‌رۆك وه‌زیران

الأربعاء 11 كانون أول 2019 - 22:58

 دواخستنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌رى نابێت له‌پرۆسه‌ى پاڵاوتنى سه‌رۆك وه‌زیران

 به‌غدا-اه‌ع

 
ئه‌حمه‌د مه‌شهه‌دانى په‌رله‌مانتارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى قه‌رار ،ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌ دواخستنى دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ویه‌كلانه‌كردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌رى نابێت له‌پرۆسه‌ى ڕاسپاردنى سه‌رۆك وه‌زیران نوێ چونكه‌ ڕاسپاردنى پاڵێوراوى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت له‌ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك كۆماردایه‌.
 
مه‌شهه‌دانى له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"ده‌بێت فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان به‌رپرسیارێتى دانانى یاساى نوێ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئه‌ستۆ بگرن،ونابێت هه‌مان یاسا بمێنێته‌وه‌ چونكه‌ گۆڕینى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان داخوازییه‌كى جه‌ماوه‌رییه‌ ،بۆیه‌ ده‌بێت یاساییه‌ك دابنرێت خزمه‌تى گه‌ل بكات نه‌ك فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان".
 
ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بڕیاری دواخستنى دانیشتنى تایبه‌ت به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ كاتێكى نادیار دا ،بۆ پێدانى مۆڵه‌ت به‌لیژنه‌ى یاسایی بۆ سازكردنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى تا یه‌كلاكردنه‌وه‌ى مشت ومڕه‌كان له‌سه‌ر مادده‌ى(15)ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وبه‌به‌شدارى سه‌رجه‌م نوێنه‌رانى فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان.