پارێزگارى هەولێر بڕیارێکى لەسەر مۆلیدە ئەهلییەکان دەرکرد

الأحد 24 تشرين ثاني 2019 - 12:30

 پارێزگارى هەولێر بڕیارێکى لەسەر مۆلیدە ئەهلییەکان دەرکرد

 پارێزگاری هەولێر بۆ کەمکردنەوەی دەنگی موەلیدە ئەهلییەکان و تووندکردنی مەرجەکانی ژینگە لەسەریان هۆشدارییان پێدەدات و مۆڵەتی شەش مانگیان بۆ دادەنرێت تاوەکو بڕیارەکانی جێبەجێ بکەن و موەلیدەکانیان بکەنە بێدەنگ.

 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "لەگەڵ جێگری پارێزگار، قایمقامی پارێزگا، لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە موەلیدەکانەوە، کۆبوونەوەیەکی تایبەتمان کرد لەگەڵ ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر".
 
پارێزگاری هەولێر وتی: "ماوەیەکی زۆرە تاوتوێی ئەوە کراوە کە لە سنووری پارێزگای هەولێر و سنووری قایمقامی ناوەند و هەموو قایمقامیەتەکان و ناحیەکان موەلیدە ئەهلییەکان بکرێنە بێدەنگ و ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان ئەم بڕیارەمان دەرکرد، دەبی تاوەکو 1-5-2020 هەموو خاوەن موەلیدەکان، موەلیدەکانیان بکەنە بێدەنگ و لە 2-5ـەوە هەر خاوەن موەلیدەیەکی بەڕێز موەلیدەکەی نەکردبێتە بێدەنگ و مەرجەکانی ژینگە لە دووکەڵ و لەو پێداویستییانەی پێویستن بۆ ژینگەیەکی سەلامەت لە سنووری پارێزگای هەولێر رەچاوی نەکردبێت و نەیگرتبێتەبەر، ئێمە راستەوخۆ لەدوای 2-5-2019 بە بڕیارێکی پارێزگا موەلیدەکەی رادەگرین و بانگەوازدەکەین بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە بێت و لەشوێنی ئەو موەلیدە دابنێت".
 
پارێزگاری هەولێر داوای لە ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان و هەموو خاوەن موەلیدەکان کرد هەر لە ئێستاوە دەست بە رێکاری خۆیان بکەن بۆ دانانی موەلیدەی بێدەنگ بۆ سەلامەتی هاونیشتمانیان و کەمکردنەوەی دەنگی موەلیدەکانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر  و گوتی: "هەرکەسێک دەستپێشخەر بێت و زووتر بیکات ئەم هەڵوێستەی بە هەند وەردەگرین و رێز و سوپاسی پێشکەشدەکەین و بۆ دانانی موەلیدەی داهاتوو مافی سەرەکی پێدەدەین. بەپێچەوانەوە لەدوای 1-5-2019ـەوە هەر خاوەن موەلیدەیەک پابەند نەبێت ئێمە رێککار و ئیجرائاتی یاسایی دەگرینەبەر و موەلیدەکەی پێ دادەخەین و دەیدەینە کەسێکی دیکە".
 پارێزگاری هەولێر ئه‌وه‌یشى وت: "بەهیچ شێوەیەک نابێت بۆ ئەم پرسە یەک دینار لەسەر هاونیشتمانیان حساب بکرێت و بەهیچ شێوەیەک بارگرانی لەسەر هاونیشتمانیان دروستناکات و نرخەکەی وەک خۆیەتی و دەستکاریمان نەکردووە".