كۆنفڕانسى مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتى ده‌ستپێده‌كات

الخميس 21 تشرين ثاني 2019 - 10:02

كۆنفڕانسى مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتى ده‌ستپێده‌كات

 

 
به‌غدا-اه‌ع
 
له‌دواى ته‌وابوونى هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى كۆمیته‌كان بۆ كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى، بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو كۆنفرانسى مه‌ڵبه‌ند و ئۆرگانه‌كانى ئه‌و حزبه‌ بۆ دیاریكردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ده‌ستپێبكات و ژماره‌ى ئه‌ندامانى هه‌ر پارێزگایه‌كیش په‌یوه‌سته‌ به‌ ژماره‌ى ده‌نگى دوو هه‌ڵبژاردنى یه‌ك له‌ دواى یه‌ك له‌و پارێزگایه‌.
 
له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان كۆنفراسه‌ ناوخۆییه‌كانى له‌ كۆمیته‌كانى خۆى له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ته‌واوكرد، بڕیاریشه‌ رۆژى 25ى تشرینى دووه‌م هه‌ڵبژاردنى مه‌ڵبه‌ند و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كانى تر بۆ دیاریكردنى زیاتر له‌ 800 ئه‌ندامى كۆنگره‌ ده‌ستپێبكات.
 
به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌و حزبه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى و به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌به‌كان و 120 كه‌س له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى یه‌كێتى و ئه‌ندامانى ئێستاى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كان كه‌ راسته‌وخۆ ده‌بنه‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌، سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى تر به‌پێى كێبڕكێى هه‌ڵبژاردن ده‌توانن ببنه‌ ئه‌ندامى كۆنگره‌.
 
دیاریكردنى پشكى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ش له‌هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ گوێره‌ى ده‌نگى مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌ بۆ دوو هه‌ڵبژاردنى یه‌ك له‌ دواى یه‌كى عیراق و هه‌رێمى كوردستان.
 
دواى 9 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر واده‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى سێهه‌میدا، وابڕیاره‌ له‌ 7ى كانونى یه‌كه‌مى داهاتوو یه‌كێتى كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى به‌ به‌شدارى هه‌زار ئه‌ندام له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌ببات.