كۆسرەت رەسوڵ: بازنەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی بیری توندڕەوی فراوانتر بكرێت

الاثنين 28 تشرين أول 2019 - 12:26

كۆسرەت رەسوڵ: بازنەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی بیری توندڕەوی فراوانتر بكرێت
سلێمانی-اەع
 
جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی رایگەیاند، پێویستە بازنەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی بیری توندڕەوی یەكجارەكی فراوانتر بكرێ و هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ كۆتایی هێنان بەتیرۆرستان و پاراستنی جیهان لەپیلانگێڕییەكانیان.
كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لەبارەی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدای پەیامێکی بڵاوکردەوە کەدەستی (اەع)کەوتووە و رایگەیاند، "كوشتن و لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ گەلی كوردستان، ئەو گەلەی بەنوێنەرایەتی هەمو دنیاو بەهاوكاری هاوپەیمانان شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهانی كردو سەدان ڕۆڵەی قارەمان و گیانفیدامان بونە قوربانی".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "وێڕای دەستخۆشیمان لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دوپاتی دەكەینەوە پێویستە بازنەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو لەناوبردنیبیری توندڕەوی یەكجارەكی فراوانتر بكرێت".
كۆسرەت رەسوڵ باسی لەوەشکردوە، پێویستە هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ كۆتایی هێنان بەتیرۆرستان و پاراستنی جیهان لەپیلانگێڕییەكانیان، ئێستاش مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتوە.